رۆزبێرگ له‌م ساڵدا نۆیەمین خەڵاتی به‌ده‌ستهێنا

تیپی مێرسیدیس بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک بووە پاڵەوانی جیهان

رۆزبێرگ بووە پاڵەوانی خەڵاتی گەورەی ژاپۆن و جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ لیویس هامیلتۆن بۆ ٣٣ خاڵ بەرزکردەوە و ئەو شوفێرە ئەڵمانییە نزیکە بۆیەکەمجار ببێتە پاڵەوانی جیهان، لەسەر ئاستی تیپەکانیش تیپی مێرسیدیس بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک بووە پاڵەوانی جیهان.

نیکۆ رۆزبێرگ لە خەڵاتی گەورەی ژاپۆندا لە پێشەوەی شوفێرەکانی دیکە دەستی بە پێشبڕکێیەکە کرد و ئەو شوفێرە ئەڵمانییە هەر لە دەستپێکی کێبڕکێکەدا کۆنتڕۆڵی رکابەرییەکانی کردبوو و جلەوی سووڕەکانی گرتە دەست، کەچی لیویس هامیلتۆنی رکابەری بە دەستپێکێکی خراپ دەستیپێکرد و لە سووڕەکانی سەرەتاوە سەرکەوتنی رۆزبێرگ لە سوزوکا یەکلابووەوە.

رۆزبێرگ سووڕەکانی بە ماوەی کاتژمێرێک و ٢٦ خولەک و ٤٣ چرکە و ٣٣٣ لە هەزارەی چرکە بڕی و بە جیاوازیی چوار چرکە و ٩٧٨ لە هەزارەی چرکە بە پێش ماکس فێرشتاپنی شوفێرە هۆڵەندی تیپی رێد بۆڵ کەوتەوە و پێنج چرکە و ٧٧٨ لە هەزارەی چرکە لە هامیلتۆنی سێیەمی پێشبڕکێکەوە دوور بوو.

سیابستیان ڤیتێل و کیمی رایکۆنینیش پلەکانی چوارەم و پێنجەمی سووڕەکانیان بەدەستهێنا، هەرچی دانیێل ریکیاردۆی پاڵەوانی خەڵاتی گەورەی مالیزیاش بوو، پێچەوانەی پێشبڕکێکانی رابردوو ئەمجارە زیاتر لە ٣٣ چرکە لە دواوەی شوفێری یەکەمەوە بوو و پلەی شەشەمی بەدەستهێنا.

رۆزبێرگ ئەمە نۆیەمین خەڵاتە لەم ساڵدا بەدەستی بهێنێت و خەڵاتی ژمارە ٢٣ی کاروانی وەرزشی خۆیەتی.

بەم یەکەمبوونەی رۆزبێرگ، تیپی مێرسیدس ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە ٥٩٣ خاڵ و بۆ سێیەمین ساڵ لەسەر یەک پاڵەوانبوونی لەسەر ئاستی تیپەکان مسۆگەرکرد و لەم ساڵ لە کۆی ١٧ پێشبڕکێ ١٥ جار یەکەم بوو و بە پێش تیپی رێد بۆڵ کەوتەوە، کە بە کۆکردنەوەی ٣٨٥ خاڵ لە پلەی دووەم دێت.

رۆزبێرگ بە یەکەمبوونی لە سوزوکا ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە ٣١٣ خاڵ و ٣٣ خاڵ لە هامیلتۆنی هاوتیپی دوورکەوتەوە و تەنیا چوار خەڵاتی گەورە ماوە و ئەو شوفێرە ئەڵمانییە دەیەوێت لە خەڵاتی گەورەی ئەمریکا و مێکسیکۆ و بڕازیل و ئەبو زەبی پێشەنگی ریزبەندی گشتی لەدەست نەدات و بۆیەکەمجار لە فۆرمۆلا وەندا ببێتە پاڵەوانی جیهان.