لەبەر ریفراندۆم فیدراسیۆنی تۆپی دەستی عێراق 'زوڵم' لە یانەی سلێمانی دەکات
یارییەکانی تۆپی دەستی عێراق بۆ دوای ریفراندۆم دوا دەخرێن
K24- هەولێر
فیدراسیۆنی تۆپی دەستی عێراق بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆم 'زوڵم' لە یانەی سلێمانی دەکات و لە بڕیارێکی خۆی پاشگەز دەبێتەوە.
دوای ئەوەی تیپی تۆپی دەستی یانەی سلێمانی کە تاکە نوێنەری یانەکانی کوردستانە لە خولەکە، لە قۆناخی یەکەم لە کەربەلا بەشداریی کرد و بەرامبەر یانەکانی سەڵاحەدین، خالیدوون و بەلەدییە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لەگەڵ یانەی کەربەلا بەرامبەربوو، وابڕیاربوو رۆژانی 22، 23 و 24 لە سلێمانی گەڕی دووەمی خولەکە بەڕێوە بچێت، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی دەستی عێراق بە بیانووی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان لە بڕیارەکەی پاشگەزبووەتەوە و بڕیاری داوە یارییەکان بۆ بەغدا بگوازێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، فیدراسیۆنی تۆپی دەستی عێراق تەنیا لەبەر ریفراندۆم رەتیکردووەتەوە یانەی سلێمانی لە گەڕی دووەم یارییەکانی خۆی لە سلێمانی ئەنجام بدات و یارییەکانی ئەو یانەیەی بۆ بەغدا گواستووەتەوە و رۆژانی 27، 28 و 29ی ئەم مانگە دەبێت تۆپی دەستی سلێمانی لە بەغدا یارییەکانی ئەنجام بدات، لە کاتێکدا لە گەڕی یەکەمیش تۆپی دەستی سلێمانی لە کەربەلا بەگوێرەی قسەی سەرپسەرشتیارانی تیپەکە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆری سەرپەرشتیارانی خولەکە بووەتەوە.
