ئامەد سپۆر چۆن سەردەکەوێت بۆ سوپەر لیگی تورکیا
ئەمڕۆ 26ـی نیسانی 2026 یانەی ئامەد سپۆر لە باکووری کوردستان و لە گەڕی 37 خولی پلە یەکی تورکیا، رووبەڕووی یانەی بۆدروم دەبێتەوە و نوێنەرەکەی باکووری کوردستان دەیەوێت بە بردنەوە لەم یارییە، چانسی سەرکەوتنی راستەوخۆی بۆ سوپەر لیگ زیندوو بهێڵێتەوە.
یانەکەی باکووری کوردستان بەر لە یارییەکەی گەڕی 37 بە کۆکردنەوەی 72 خاڵ و بە جیاوازی تەنها یەک خاڵ لەگەڵ دووەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت، ئامەد بۆ سەرکەوتنی راستەوخۆ پێویستی بە دوو بردنەوەی داهاتووە و لە بەرامبەردا دووەمی ریزبەندی خاڵ لەدەست بدات.
لە ئەگەری ئەوەی ئامەد سپۆر نەتوانێت بلیتی راستەوخۆی سوپەر لیگ بەدەست بهێنێت، چانسێکی دیکەی دەمێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی ئەویش قۆناغی پلەی ئۆفە، ئەگەر بتوانن پارێزگاری لە پلەی سێیەمی ریزبەندی بکەن، ئەوان لە قۆناغی پلەی ئۆف ئەرکیان ئاسانتر دەبێت.
بە گشتی شێوازی سەرکەوتنی یانەکانی خولی پلە یەکی تورکیا بۆ سوپەر لیگی ئەم وڵاتە بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
سەرکەوتنی ڕاستەوخۆ
دوای تەواوبوونی یارییەکانی خول (وەرزی ئاسایی)
ئەو دوو تیپەی پلەی یەکەم و دووەمیان بەدەستهێناوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەردەکەون بۆ سوپەر لیگ.
قۆناغی پلەی ئۆف (Play-offs)
تیپەکانی سێیەم تاوەکو چوارەم لە قۆناغی پلەی ئۆف رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، ئەویش بەم شێوەی خوارەوە:
تیپی پلەی سێیەم: ئەم تیپە ئیمتیازێکی گەورەی هەیە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەچێتە یاری کۆتایی (Final) پلەی ئۆف و چاوەڕێی براوەی قۆناغەکانی پێشوو دەکات.
قۆناغی یەکەم:
تیپی پلەی چوارەم بەرامبەر تیپی پلەی حەوتەم یاری دەکات.
تیپی پلەی پێنجەم بەرامبەر تیپی پلەی شەشەم یاری دەکات.
ئەم یارییانە تەنها یەک یارییە و لە یاریگای ئەو تیپەدا دەکرێت کە پلەکەی بەرزتر بووە (چوارەم و پێنجەم).
قۆناغی دووەم (Semi-final):
دوو براوەکەی قۆناغی پێشوو ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە.
ئەم قۆناغە بە شێوازی چوون و هاتن (دوو یاری) ئەنجام دەدرێت.
یاری کۆتایی (Final):
براوەی قۆناغی دووەم ڕووبەڕووی تیپی پلەی سێیەم دەبێتەوە.
ئەم یارییە لە یاریگایەکی بێلایەن ئەنجام دەدرێت و تەنها یەک یارییە.
براوەی ئەم یارییە وەک تیپی سێیەم دەگاتە سوپەر لیگ.