یانەی زاخۆ بۆ بەشداریکردن لە خولی نایابی عێراق خۆی یەکلاکردەوە

یانەی زاخۆ رەزامەندیی لە بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی کوردستان وەرگرتووە

K24- هەولێر

یانەی زاخۆ خۆی یەکلاکردەوە و بڕیاری دا بەشداریی لە وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق بکات.

وشیار دۆبانکی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ لەبارەی بەشداریکردنی یانەکەیان لە خولی نایابی عێراقەوە بە کوردستان24ی راگەیاند، رەزامەندییان لە بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی کوردستان وەرگرتووە بەشداریی خولەکە بکەن، بۆیە تەواو خۆیان یەکلاکردووەتەوە و بڕیاریان داوە بەشداریی وەرزی نوێی خولەکە بکەن.

دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاری دا خولی نایابی عێراق بە بەشداریی 20 یانە بەڕێوە بچێت، فیدراسیۆنەکە بڕیاری دا یانەکانی هەولێر، سلێمانی و گازی باکوور مافی بەشداریکردنیان لە خولەکە نەبێت، بەڵکو تەنیا یانەی زاخۆ لە کوردستان بەشداریی خولەکە بکات، کە وەرزی رابردوو تا کۆتایی لە خولەکە بەردەوام بوو و لە ریزی یانە نایابەکان مایەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای گواستنەوەی شەش یاریزانی نوێ بۆ ریزی یانەکە و ناساندنیان بە میدیاکان، ئێستا یانەی زاخۆ لەگەڵ چەند یاریزانێکی هەولێر و ناوەڕاست و باشووری عێراق لەسەر هێلە و دەیەوێت بەشێوەیەکی باش خۆی بۆ وەرزی نوێی خولەکە ئامادە بکات.