بەڤیدیۆ.. نێیمار باسی ئەو ساتانە دەکات خەریکبوو بەهۆی پێکانەوە نەتوانێت جارێکی دیکە لەسەر قاچەکانی بڕوات
نێیمار: نەمدەتوانی هەست بە قاچەکانم بکەم و بیانجوڵێنم
K24- هەولێر
نێیمار داسێلڤا بۆیەکەمجار باسی ئەو پێکانە دەکات کە لە مۆندیالی 2014 بەرامبەر کۆلۆمبیا تووشی بوو و لە دیمانەیەکی لەگەڵ جیرارد پیکێ کە بۆ ماڵپەڕی (The Player Tribune) سازیکردووە، نیمۆ دەڵێت دوای یارییەکە نەمدەتوانی قاچەکانم بجوڵێنم و هەستم بە قاچەکانم نەدەکرد و مەترسی ئەوە هەبوو نەتوانم جارێکی دیکە لەسەر قاچەکانم بڕۆمەوە، باسی شکستە گەورەکەی برازیل لە بەرامبەر ئەڵمانیاش دەکات.
نێیمار دەڵێت 'بیرمە سەرم کەوتە سەر زەوی و مارسێلۆ هاواری کرد نا نا و داوای پزیشکی کرد، بەڵام من گوتم نانا من دەمەوێت بەردەوام بم، چونکە دەمویست گۆڵ تۆمار بکەم
من شیت بووم، چونکە نەمدەتوانی بجوڵێمەوە پزیشکەکە هات و لێی پرسیم چیت بەسەر هات، منیش گوتم هیچ نییە و دەمەوێت بەردەوام بم، بەڵام من هیچ دەسەڵاتێکم بەسەر قاچەکانم نەمابوو، نەمدەتوانم قاچەکانم بجوڵێنم، پزیشکەکە منی بردە دەرەوە و دەستم بە گریان کرد، چونکە ئازارم زۆر هەبوو، هەستم بە هیچیش نەدەکرد، هەستم بە قاچەکانم نەدەکرد، منیان بردە نەخۆشخانەی یاریگەکە و دواتر منیان بە تەنیا بەجێهێشت و بیرمە قاچەکانم بەمشێوەیە دەجوڵاند'.
هەروەها نێیمار گوتیشی : ئۆف، ئازارەکەم زۆر زۆر بوو، هەرگیز باوەڕ نەدەکرا، ئەوکات بۆم دەرکەوت کە ناتوانم بەردەوام بم، پاشان منیان گەیاندە نەخۆشخانە و پشکنینیان بۆم کرد و پزیشکەکە هات و پێی گوتم دوو هەواڵم لایە یەکێکیان خۆشە و ئەوی دیکەشیان ناخۆشە،سەرەتاه ناخۆشەکەت پێدەڵێم تۆ ناتوانی لە مۆندیال بەردەوام بی، خۆشەکەش ئەوەیە دەتوانی جارێکی دیکە لەسەر قاچەکانت بڕۆی.
نیمۆ لەبارەی شکستە گەورەکەی بڕازیل لە پێشکۆتایی مۆندیالی 2014 کە ئەڵمانیا بە ئەنجامی 7-1 لە بڕازیلی بردەوە دەڵێت 'من لە ماڵەوە لە لاس ڤێگاس سەیری یارییەکەی پێشکۆتاییم کرد لە بەرامبەر ئەڵمانیا، بە هێلیکۆپتەر منیان گواستەوە، چونکە نەمدەتوانی قاچەکانم بجوڵێنم، شەوی یارییەکە لەخەو هەڵسام و تەلەڤزیۆنەکەم هەڵکرد، یارییەکە لە خولەکی 20 بوو، ئەڵمانیا چوار گۆڵ کردبوو، گوتم ئەمە چی روودەدات، بڕوام بە چاوەکانم نەدەکرد'.