هاوینی داهاتوو ریال مەدرید کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەفرۆشێت

لە ئێستاوە فلۆرێنتینۆ پێرێز ئەم بڕیارەی بە بەڕێوەبەری کارەکانی راگەیاندووە

K24- هەولێر

هاوینی داهاتوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەکەی دەفرۆشێت.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لەسەر زاری رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگاڵی ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بە خۆرخێ مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی کریستیانۆی راگەیاندووە، هاوینی داهاتوو ریال مەدرید کریستیانۆ دەفرۆشێت و دەیخاتە بازاڕەوە، بەڵام ریال مەدرید ئامادە نییە بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری کریستیانۆ بێت.
رۆژنامە پۆرتوگاڵییەکە راشیگەیاندووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ داوای 50 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچەی ساڵانە دەکات.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی

هەر لەبارەی چارەنووسی کریستیانۆ لە ریال مەدرید، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید هەست دەکات ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە پێشتر رۆژنامەی ئاس ئاشکرایکردبوو کریستیانۆ بڕیاری داوە ریال مەدرید بەجێبهێڵێت، چونکە هەست دەکات فلۆرێنتینۆ پێرێز بەڵێنەکەی نەبردووەتە سەر و گرێبەستەکەی نوێنەکردووەتەوە و مووچەکەشی زیاد نەکردووە.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی