ئەستێرەیەکی بەناوبانگی تۆپی پێ لەبەر پێکان بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا

پێکان نەیهێشت چیدیکە پێ لە تۆپ بداتەوە

رافایل ڤان دەر ڤارت بەفەرمی وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند و بەهۆی پێکانەوە لە تەمەنی 35 ساڵی بەیەکجاری وازی لە یاریکردن هێنا.

رافایل ڤان دێر ڤارتی ئەستێرەی پێشووی هۆڵەندی دوای 18 ساڵ یاریکردن رایگەیاند بڕیاری داوە چیدیکە یاریی نەکاتەوە، کە پێشتر ڤان دێر ڤارت درێسی یانەکانی ئەیاکس ئامستەردامی هۆڵەندی، هامبۆرگی ئەڵمانی، ریال مەدریدی ئیسپانی، تۆتێنهام هۆتسپێرسی ئینگلیزی و ریال بێتیسی ئیسپانی پۆشیوە و دوای ساڵانێکی زۆر چیدیکە ئەو ناوەڕاستکارە هۆڵەندییە یاریی ناکاتەوە و خانەنشین دەبێت.

ڤان دێر ڤارت سێ مانگە گرێبەتسی لەگەڵ یانەی ئێسبێرگی دانیمارکی واژووکردووە، بەڵام ئەو یاریزانە 35 ساڵانە بەهۆی پێکانەوە تاکو ئێستا تەنیا سێ یاریی بۆ یانەکە کردووە و بە ناچاری بڕیاری دا بەیەکجاریی واز لە یاریکردن بهێنێت.

ڤان دێر ڤارت بە رۆژنامەی تەلەگرافی هۆڵەندی راگەیاندووە، حەزم دەکرد ببمە باپیرەی یاریزانان و بۆ ماوەیەکی درێژ لە یاریکردن بەردەوام بم، بەڵام بۆم دەرکەوت جەستەم ناتوانێت ئەمە بکات و بڕیارم دا لێرە بوەستم.

ڤان دێر ڤارت لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2010 و بە درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی 109 یاریی نێودەوڵەتی ئەنجام داوە.