وەزیرانی گهشهپێدانی دانیمارك و دهرهوهی نەمسا باسی دیداری نادیە موراد دەکەن
لە رێگای کوردستان24 پەیامێک دەنێرن
K24 – برۆکسڵ:
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا لەبرۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەرێوەدەچێت و بڕیارە ھەردوو براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی نادیە موراد و دەنیس مەگویج بەشداری بکەن.
لەبارەی بەشداری كردنی نادیە موراد لە كۆبوونەوەكە، ئولا تۆرنیس، وەزیری گهشهپێدانی دانیمارك بە كوردستان24ی راگەیاند: "من خۆشحاڵم كە دەرفەتی ئەوەم ھەیە لە نزیکەوە نادیە موراد ببینم پێش ئەوەی خەڵاتەکەی وەربگرێت"
ئولا تۆرنیس زیاتر دوا و رایگەیاند: "ھیوادارم جارێکی تریش ناوبراو ببینمەوە و پێکەوە باسی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان بکەین و گفتوگۆ لەسەر ئەوە بكەین كە بە گشتی چی بۆ مافەکانی مرۆڤ بكەین".
ھاوکات کارین کنیسل، وەزیری دەرەوەی نەمسا بە كوردستان24ی گوت: "ئەمە بۆ جاری دووەمە نادیە موراد دەبینم، یەکەمجار کاتێک نادیەم بینی لە رێوڕەسمی 25 ساڵەی راگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ لە نەمسا بوو، لەوێ دیدارمان ئەنجامدا و گوێم بۆ گرت".
دەشڵێت: "زۆر قورسە وشەیەك بدۆزیتەوە، گوزارشت بکات لەو نەھامەتیانەی بەسەریدا ھاتووە، نادیە موراد ھێمایەکە بۆ ژنان و پیاوان بۆ یەکسانی".