حووسییەکان هەڕەشەی چوونە ناو جەنگ دەکەن
عەبدولمەلیک حووسی، رێبەری بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن "حووسییەکان"، رایگەیاند؛ لە هەر جەنگێکی چاوەڕوانکراوی داهاتوودا بەشدار دەبن و جەختی کردەوە، لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران، بێلایەن نابن.
عەبدولمەلیک حووسی لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئاگربەستی ئێستا لە لێواری کۆتاییهاتندایە، گوتیشی: "ئێمە لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆداین لەگەڵ دوژمنی ئیسرائیلی و شەریکە ئەمریکییەکەی؛ ئەگەر دوژمن بگەڕێتەوە بۆ شەڕ، ئێمەش بەشدار دەبین." هەروەها ڕەخنەی لەوانە گرت کە لۆمەی حزبوڵڵای لوبنان دەکەن و رایگەیاند وەڵامدانەوەی حزبوڵڵا دوای ١٥ مانگ لە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل هاتووە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە میدیاییە نزیکەکان لە بازنە ئەمنییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەکارییەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی سەربازی تەواو کردووە.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند؛ وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ کردەوەی سەربازی دژی ئێران و گوتی: "بۆردومانکردن گونجاوترین ستراتیژییە بۆ دەستپێکردن." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، کاتی ئاگربەست زۆری نەماوە و ئەمریکا لە پێگەیەکی بەهێزی دانوستاندایە.
عەتاوڵڵا تارار، وەزیری راگەیاندنی پاکستان، رایگەیاند؛ هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ باوەڕ پێکردنی ئێران تا بەشداریی خولی دووەمی دانوستانەکان بکات. ئاشکراشی کرد، کاتی ئاگربەستەکە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە (بە کاتی پاکستان) کۆتایی دێت و بڕیاری ئێران بۆ بەشداری لە گفتوگۆکان پێش ئەو وادەیە، بابەتێکی یەکلاکەرەوەیە.