ئەمڕۆ ئیمارات و قەتەر بە سەلامەتی رووبەڕووبوونەوە وەرزشی و سیاسییەکەیان لە جامی ئاسیا تێدەپەڕێنن؟
ئیمارات و قەتەر هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ئەمڕۆ سەربکەون
قەتەر و ئیمارات بەهۆی ئاڵۆزی پەیوەندی سیاسییان بە گرنگییەکی زیاتر لە یاریی ئەمڕۆیان دەڕوانن و گەلی ئیمارات و قەتەر جگە لە رووە وەرزشییەکەی لە رووی سیاسیشەوە لەم یارییە دەڕوانن، کە هیچ قەتەرییەک ناتوانێت لە یاریگە ئەمڕۆ ئامادە بێت و ئیماراتییەکانیش هەوڵیان داوە رێگا لەو عومانیانە بگرن کە لە جامی ئاسیای 2019 هانی عەنابی دەدەن.
رووبەڕووبوونەوەی قەتەر و ئیمارات لە پێشکۆتایی جامی ئاسیا تەنیا لە رووی وەرزشەوە سەیری نەکرێت، بەڵکو قەتەری و ئیماراتییەکان لە رووی سیاسییەوە لەم یارییە دەڕوانن ، گەرچی ئەمڕۆ ململانێیەکە لەسەر لاکیشەی سەوز یەکلا دەکرێتەوە، بەڵام تەنیا یاریزانەکان هەوڵ بۆ بردنەوە نادەن و سیاسییەکانیش دەیانەوێت بەسەر رکابەرەکەیان زاڵ بن.
جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2019 لەبەر ئەوەی لە ئیمارات بەڕێوە دەچێت، هیچ هاندەرێکی قەتەری نەیتوانیوە لە پێنج یاریی رابردووی هەڵبژاردەکەی لەم یارییە ئامادە بێت، چونکە ئیمارات بەهۆی تێکچوونی پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ قەتەر و تۆمەتبارکردنی ئەو وڵاتە بە پشتگیریکردنی تیرۆ، ئامادە نییە ڤیزا بە قەتەرییەکان بدات.
ئەنجوومەنی وەرزشی ئەبوزەبی بۆ ئەوەی رێگا لەو هاندەرە عومانیانە بگرێت کە لەم پاڵەوانێتییە هانی قەتەر دەدەن، بڕیاری دا سەرجەم بلیتەکانی یاریی قەتەر و ئیمارات بکڕێتەوە و بەخۆڕایی بەسەر هاندەرانی ئیمارات دابەشیان بکات، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە یاریگەی محەمەد زاید هانی ئیمارات بدەن و زۆرترین هاندەری ئیمارات لە یارییەکە ئامادە بێت.
حکومەتی ئیمارات لەپێناوی پاڵپشتی زیاتری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بڕیاری داوە ئەمڕۆ دەوامی فەرمانگە حکومییەکان دوو کاتژمێر زووتر تەواو بێت، بۆ ئەوەی زۆرترین ئیماراتی ئامادەی یاریی ئەمڕۆی هەڵبژاردەکەیان بن و هانی بدەن.
هاندەرە عومانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرایانکردووە، لە ژێر هەڕەشەدان و ئەگەر ئەمڕۆ لە یاریگە ئامادەبن، لە سەلامەتی خۆیان دڵنیا نین، تەنانەت عومانییەکان دەڵێن بلیتی یارییەکە بەبێ ناسنامە بە کەس نافرۆشرێت، ئەمەش دوورە لە یاساکانی فیفا.
زۆرجار وەرزش ئەوە پەیوەندییانەی چاککردووەتەوە، کە سیاسەت تێکیداون، بەڵام پێدەچێت ئاڵۆزییەکانی نێوان قەتەر و ئیمارات زۆر لەوە زیاتر بن وەرزش و تۆپی پێ پێیان بوەستن، کە لەوەتەی مانگی حوزەیرانی 2017وە ئیمارات و سعوودیە و بەحرەین گەمارۆیان خستووەتە سەر قەتەر و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتری پچڕاوە.