مانچێستەر یونایتد گرانبەهاترین بەرگریکاری مێژووی تۆپی پێی گواستەوە ریزەکانی

ماگوایەر بەرامبەر 80 ملیۆن پاوەند بووە بەرگریکاری مان یونایتد

هاری مەگوایەر بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدەوە کرد و بووە گرانبەهاترین بەرگریکاری مێژووی تۆپی پێ.
هاری ماگوایەری بەرگریکاتی ئینگلیزی بەرامبەر 80 ملیۆن پاوەند بۆ ماوەی شەش وەرز لە لیستەر سیتییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی مانچێستەر یونایتد دەکات و دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکانی و واژووکردنی گرێبەستە نوێیەکەی، مان یونایتد ئەو بەرگریکارە ئینگلیزییەی وەکو یاریزانی نوێی یانەکەی بە میدیاکان ناساند.
مانچێستەر یونایتد لە سەرەتای ئەم هاوینەوە لە هەوڵی گواستنەوەی ماگوایەر دابوو، کە بە 80 ملیۆن پاوەند دەبێتە گرانبەهاترین بەرگریکاری مێژووی تۆپی پێ و ریکۆردی ڤیرجیل ڤان دایکی بەرگریکاری هۆڵەندی یانەی لیڤەرپوولی شکاند، کە پێشتر بە ٧٥ ملیۆن پاوەند گرانبەهاترین بەرگریکاری مێژووی تۆپی پێ بوو.

هاری ماگوایەر دوای واژووکردنی گرێبەستەکەی لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی فەرمی مان یونایتد گوتی 'زۆر دڵخۆشم پەیوەندیم بەم یانە مەزنەوە کردووە، کاتێکی زۆر خۆشم لە یانەی لیستەر سیتی بەسەر برد، دەمەوێت سوپاسی یانەکە و هاندەران بکەم بۆ ئەو دوو ساڵە خۆشەی بەیەکەوە بەسەرمان برد و سوپاسیان دەکەم بۆ ئەو پاڵپشتییەی لە ماوەی ئەو دوو ساڵە لێیان دەکردم بەڵام کاتێک دەرفەتی یاریکردنت لە مانچیستەر یونایتد بۆ دێتە پیشەوە، ئەستەمە بتوانیت رەتیبکەیتەوە.
زۆر دڵخۆشم بەوەی لە ژێر سەپەرشتی راهێنەرێکی تایبەت یاریی دەکەم، من پێشتر قسەم لەگەڵ سۆلشایەر کردووە و ئەو دەیەوێت تیپێک دروست بکات بتوانێت نازناوەکان بەدەست بهێنێت، منیش هەمان ئامانجم هەیە و لە ئێستاوە بەتاسەوە چاوەڕێی دیداری هاوتیپە نوێیەکانم دەکەم'.