حكوومەتی عێراق داوایەكی سەدر رەتدەكاتەوە
موقتەدا سەدر داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات
K24 - ھەولێر
حكوومەتی عێراق، داواكەی موقتەدا سەدری بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە رەتكردەوە.
سەعد حەدیسی، وتەبێژی حکوومەتی عێراقی رایگەیاند "كاتێك پەرلەمان ھەیە، بەپێی دەستوور ناکرێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنی پێشوەختە لەکاتێکدا دەبێت کە پەرلەمان خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش لە دەسەڵاتی پەرلەماندایە نەک سەرۆک وەزیران".
حەدیسی گوتیشی "لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و پێکھێنانی کۆمسیۆنێکی نوێی ھەڵبژاردن، حکوومەت پێشتر بڕیاری لەسەرداوە".
ئەم لێدوانەی وتەبێژی حکوومەت، دوای ئەوە دێت دوێنێ 28/10/2019، موقتەدا سەدر سەرکردەی رەوتی سەدر، داوای لە سەرۆک وەزیران، عادل عەبدولمەھدی کرد بچێتە بەردەم پەرلەمان و داواکاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و بەبێ بەشداری کردنی لایە سیاسییەکانی ئێستای دەسەڵات بکات.
ھ.م