رۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز لە رووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لەدەستدا

هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، هەڵکەوت عەزیز، رۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، لە رێگەی چوون بەرەو پارێزگای بەسرە تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، رووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە بارهەڵگرێک لەسەر رێگەی نێوان بەغدا - بەسرە پێچی کردووەتەوە و خۆی بە ئۆتۆمبێلی هەڵکەوت عەزیزدا کێشاوە، کە بەهۆیەوە ناوبراو بە سەختی بریندار بووە.

هەر دوای رووداوەکە، هەڵکەوت عەزیز گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی دیوانیە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری بەپەلە، بەڵام بەهۆی کاریگەری و سەختی برینەکەیەوە، دوای ماوەیەکی کورت لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

هەڵکەوت عەزیز یەکێک بوو لە رۆژنامەنووسە دیارەکانی کوردستان و ماوەی چەند ساڵێک بوو وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا کار و چالاکییە رۆژنامەوانییەکانی ئەنجام دەدا.

هەڵکەوت عەزیز دەرچووی بەشی شانۆیە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کەرکووک و لە ساڵی 2017ەوە لە تۆڕی میدیایی رووداو کاری دەکرد و پێشتریش لە کەناڵی کەرکوو کاری دەکرد.