ئێران هێرشەکانی راگرت
ئێران هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل راگرت و جەخت دەکاتەوە، هێرش بکرێتەوە سەر لوبنان، ئۆپەراسیۆنەکانیان توندتر دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 08ـی حوزەیرانی 2026، بارەگای "خاتەمولئەنبیا"ـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا، راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند.
بارەگاکە جەختی کردووەتەوە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بەتایبەت بۆ سەر باشووری لوبنان، ئەو کاتە رێکاری زۆر توندتر و وێرانکەرتر دەگرنەبەر.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "دوای دەستدرێژییەکانی رژێمی ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ سەر باشووری لوبنان و ناوچەی زاحییە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی پشتیوانییەکانیان بۆ گەلی زوڵملێکراوی لوبنان، وەڵامێکی پڕ لە ئازاریان بە رژێمی ئیسرائیل دا". راشیگەیاندووە، بەو هێرشانەی کردوویانە، ئیسرائیل و پشتیوانانی پەندیان لێوەرگرتووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ئیسرائیل بە شێوەیەکی فەرمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی ئێران رانەگەیاندووە.