بەرپرسێکی ئیسرائیل: لەسەر داوای ترەمپ هێرشەکانمان راگرت
ئیسرائیل لەسەر داوای ترەمپ هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرت، هاوکات هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بەیرووت دەکات ئەگەر حیزبوڵڵا هێرشەکانی رانەگرێت.
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرتووە. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
هەمان بەرپرس لەبارەی دۆخی لوبنانیشەوە رایگەیاند، ئەگەر هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام بن، ئەوا هێرش دەکەنە سەر باشووری بەیرووت.
روونیشی کردەوە، ئیسرائیل ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک لە سنووری باکوورەوە بکرێتە سەری.
ئەمڕۆ دووشەممە، 08ـی حوزەیرانی 2026، بارەگای "خاتەمولئەنبیا"ـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا، راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند.
بارەگاکە جەختی کردووەتەوە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بەتایبەت بۆ سەر باشووری لوبنان، ئەو کاتە رێکاری زۆر توندتر و وێرانکەرتر دەگرنەبەر.
شەوی رابردوو (یەکشەممە، 07ـی حوزەیرانی 2026)، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ پێیان نایە قۆناغێکی نوێوە؛ سوپای پاسدارانی ئێران چەندان هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل. هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلیش چەندان شوێنی لە ناوخۆی ئێران کردە ئامانج.