ئێران تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت
کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواوی ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخست، ئەمەش دوای ئاڵوگۆڕکردنی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و ئاسمانی لەگەڵ ئیسرائیل.
دووشەممە 8ـی حوزەیرانی 2026، میدیا فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاند کە بەهۆی بارودۆخی نائاسایی ئەمنییەوە، کۆمپانیای فڕۆکەخانەکان و کەشتیوانیی ئاسمانیی وڵاتەکە بڕیاری داوە تەواوی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تا کاتێکی نادیار هەڵبوەشێنێتەوە. کۆمپانیاکە داوای لە هاووڵاتییان کردووە بە هیچ شێوەیەک سەردانی فڕۆکەخانەکان نەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "ئیسنا" ئاشکرای کرد کە ئەم بڕیارە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجیان هەبووە و پێشبینی دەکرێت گەشتەکانی گەڕانەوە لە وڵاتی سعوودیەوە لانی کەم 72 کاتژمێر دوابکەون.
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە هاتن کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا تاران و تەلئەڤیڤ هێرشی راستەوخۆیان کردە سەر خاکی یەکتر. بەڵام کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵاوە بڵاوی کردەوە، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری داوە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ئێران رابگرێت تاوەکو راگری لە تەقینەوەی جەنگێکی گشتگیر بکرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل، بارەگای ناوەندیی "خاتەمولئەنبیا"ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە راگەیەندراویکدا رایگەیاند کە ئەوانیش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل راگرتووە. ئەم پاشەکشە سەربازییە دوولایەنەیە وەک نیشانەی سەرکەوتنی فشارە دیپلۆماسییەکانی واشنتن دەبینرێت بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان.