ئیمارات کێڵگەیەکی نەوتی گەورە دەدۆزێتەوە
وڵاتەکە دێنێتە پلەی شەشەم لە رووی یەدەگی نەوتی
K24 - ھەولێر
ئیمارات دەستکەوتێکی مێژووی تۆمار دەکات و ناوچەیەکی پێوانەیی تایبەتی نەوت و گاز دەدۆزێتەوە، کە وڵاتەکە دێنێتە پلەی شەشەم لە رووی یەدەگی نەوتی.
ئەنجوومەنی باڵای نەوتی ئیمارات لە میانی کۆبوونەوەی بە سەرۆکایەتی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئەبوزەبی بڵاویکردەوە، کە دۆزینەوەی ئەو زیادە لە یەدەگی نەوت و گاز لە میرنشینی ئەبو زەبی بەهۆی هەوڵەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمپانیای ئادنۆک بووە.
ئەنجوومەنی باڵای نەوت دەڵێت، بەگوێرەی ئەو دۆزینەوەیە، یەدەگی کێڵگەکە 7 ملیار بەرمیلە نەوت و 58 ترلیۆن پێ سێجا گازە، ئەوەش وڵاتەکە دەخاتە پلەی شەشەم لە رووی یەدەگی نەوت و گازی جیهانی، بەوەش کۆی یەدەگی وڵاتەکە دەگاتە 105 ملیار بەرمیل نەوت و 273 ترلیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی.
ئەنجوومەنەکە ئاماژە بەوەدەدات کە ئەو دۆزینەوە دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ میرنشینەکە دوای ئەوەی دوایین جار دۆزینەوە لە سێ دەیەی رابردوودا کراوە.
بە گوێرەی داتاکانی کۆمپانیای ئادنۆک رۆژانە ئیمارات نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیشی نزیکەی 10.5 ملیار مەتر سێجایە.
ھ.م