بەرهەمهێنانی نەوتی ئارامکۆ کەمترین تێچووی هەیە لە جیهاندا

کەمترین تێچووی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت

K24 – هه‌ولێر:

کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودیە بۆ پیشەسازی نەوت رایگەیاند، کەمترین تێچووی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت کە 2.8 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

هەروەها کۆمپانیاکە جەختی کردەوە، کە تۆمارکردنی پشکەکانی ئارامکۆ لە بۆرسە کاریگەری نابێت لەسەر پابەندبوونیان بە رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە لایەن رێکخراوی ئۆپیکەوە.

هاوکات بە گوێرەی داتاکان، سعوودیە بە رێکخراوی ئۆپێکی راگەیاندووە، بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی لە مانگی ئۆکتۆبەر بۆ 10.3 ملیۆن بەرمیل رۆژانە بەرزکردووەتەوە کە 1.1 ملیۆن بەرمیل زیاتر بووە بەراورد بە مانگی پێشووی. 

لەو بارەیەوە محەمەد بارکیندۆ، سکرتێری گشتی رێکخراوی ئۆپێك لەبارەی سعوودیە رایگەیاند، تۆمارکردنی پشکەکانی ئارامکۆ کاریگەری لەسەر رۆڵی ریاز نابێت لە رێکخراوەکە و پابەند دەبێت بە رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.

هاوکات بارکیندۆ ئاماژەی بەوەدا، ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن لە پابەند بوونیان بە رێککەونی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە ساڵی 2020 کە بە ئۆپێک پڵەس ناسراوە، دەشڵێت چەندین فاکتەری سەرەکی بۆ ئابووی جیهان تا ئێستا بەهێزن، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی هێشتا خستنەڕوو لە ساڵی داهاتوو کەمبکەینەوە، بەتایبەت زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی لە ئەمه‌ریکا.

لە لایەکی دیکەو ئارامکۆ رایگەیاند، تێکڕای بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لە لایەن کۆمانیاکە 10.6 ریاڵی سعوودیە، کە دەکاتە نزیکەی 2.8 دۆلاری ئەمه‌ریکی، کە ئەوەش کەمترین تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتە لە تەواوی جیهاندا.