"ھەولێر و بەغدا لە رێككەوتنی كۆتایی نزیكبوونەتەوە"

داوا دەكرێت مووچەی فەرمانبەران پەیوەست نەكرێت بە بەشە بودجە

K24 - ھەولێر

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دوای سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا، نزیكبوونه‌ته‌وه‌ له‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌باره‌ی پرسی بوودجه‌ و نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان.  

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ی رایگه‌یاند "شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق لە یەکدی نزیکن و بەشێوەیەکی سه‌ره‌تایی رێککەوتوون".

ئاماژەی بەوەشدا: "فراكسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا لە هەوڵەکانیان بەردەوامن کە وەک بودجەی ساڵی 2019 مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە بەشە نەوت پەیوەست نەکرێت و بەغدا راستەوخۆ مووچە بنێرێت".

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند: "دوای رێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر پڕۆژە بودجەکە، کۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنی بۆ دەکات و چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو ببێتە بڕیار و پەسەند بکرێت".

لەبارەی پڕۆژە بودجەکەوە ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ ئاشكرایكرد نرخی بەرمیلێک نەوت لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2020 لە نێوان 55 - 60 دۆلار خەمڵێندراوە. لە کاتێکدا لە بودجەی ساڵی 2019 بەرمیلێک نەوت بە 56 دۆلار خەمڵێندرابوو هەروەها 3 ملیۆن 880 هەزار بەرمیل دیاریکرابوو کە هەناردە بکرێت.