نێچیرڤان بارزانی: کاری بەردەوام بۆ بەدیهێنانی یەکسانی جێندەریی دەکەین
سەرۆکی هەرێم داوای بەشداریی هاووڵاتیان دەکات
K24 – ههولێر:
لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوپاتیدەکاتەوە کار بۆ پرسی دادوەریی کۆمەڵایەتیی و یەکسانی جێندەری دەکات.
لە بەڵاوکراوەیەکدا، سەرۆکی هەرێم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: "بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژيی دژی ژنان، جەخت له ئیرادەی سیاسیمان دەکەینەوە بۆ پشتگیری و کاری بەردەواممان لەسەر پرسی دادوەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی جێندەری لە هەرێمی کوردستان".
لەبارەی کایگەری جەنگ لەسەر ژنان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "هەموو قەیران و شەڕێک کۆمەڵگە دەشێوێنن، هەنگاوەکان دوا دەخەن و دەبنە مایەی توندوتیژی، ئافرەتانیش قوربانیی سەرەکیی ئەو دۆخهن، بۆیە لەم ڕۆژەدا و بۆ ئهم ئهركه پێويست و گرنگه، جەخت لەسەر بەردەوامی و هەماهەنگيی سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و ئاژانسەکانی یووئێن و ڕێکخراوە ناوخۆيى و نێودەوڵەتییەکان دهكهينهوه".
نێچیرڤان بارزانی هەروەها روونیکردووەتەوە، لەم روانگەیەوە، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیدگایەکی ستراتیژیی فراوانمان داڕشتووە کە وەک نەخشەڕێگایەک بۆ پاراستنی ماف و گەشەپێدان و بەهێزکردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگە بە هەماهەنگی لهگهڵ لايهنه پهيوهندارهكان کاری لەسەر دەکەین.
لە ساڵی 2007ەوە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە رۆژی تووندوتیژی دژی ژنان، کەمپەینی شانزەڕۆژی بۆ چرکردنەوەی کار و چالاکییەکان بە ئامانجی بنبڕکردنی توندوتیژیی جێندەری و دابینکردنی دادوەری رادەگەیەنێت.
لە 16 رۆژەدا، لە لایەن سەنتەری جێندەریی و زانکۆ و شوێنە ئەکادیمییەکان، چالاکی جۆراوجۆر بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و زیاتر یەکسان کردنی ژن و پیاو ئەنجام دەدرێن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات کە: "چالاکانە لە ئەنجامدانی کار و چالاکییەکانی شانزەڕۆژهی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، بەشدار بن.