عەبدولمەھدی بڕیاری كردنەوەی دەروازەی سنووری مەندەلی دەدات

دەروازەی مەندەلی دەكرێتەوە

K24 - ھەولێر   

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دووبارەکردنەوەی دەروازەی سنووری مەندەلی لەگەڵ ئێران داوە.

عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی فەرمی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئاشكرای كرد "دوای تەواوکردنی رێوشوێنە پێویستەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری دووبارە کردنەوەی دەروازەی سنووری مەندەلی بەڕوو ئێران دەرکرد".

هاوکات گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکان گووتیشی "سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی تەواوی بە کازم ئەلعەقابی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان داوە کە دەروازەکە بکاتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی ئابی ئەمساڵ بە بڕیاری عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو دەروازەیە داخرا.  لەو بارەیەوە ئەو کات دەستەی دەروازە سنوورییەکان گوتی، داخستنی دەروازەکە کاتییە و بۆ ئەنجامدانی رێوشوێنی پێویست و پەرەپێدانی دەروازەزەکەیە بە دامەزراندنی شوێن بۆ سەرجەم فەرمانگە پێویستەکان و دامەزراندنی دەزگای پێویستە کە رێگری بکات لە پێشێلکارییەکان کە لە دەروازەکەوە ئەنجامدەدرێن.