دەنگۆی دواخستنی كۆنگرەی یەكێتی گەرمتر دەبێت
عەدنان موفتی: دەبێ كۆنگرە بكرێت
K24 - سلێمانی
پرسی دواخستنی کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی كوردستان گەرمتر بووە، ئەمەش دوای ئەوەی کە کۆنفرانسی مەڵبەندەکان دواخرا و تائێستا ئەنجام نەدراوە، دەنگۆکانی دواخستنی كۆنگرەش رێکخستنەکانی یەکێتی نیگەران کردووە. ئەندامیکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش دەڵێت" دەبێ کۆنگرە ئەنجام بدرێت".
عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "دەبێ كۆنگرە لەكاتی خۆی بكرێت، ئەو دۆخەی ئێستا لە عێراق ھەیە كێ دەڵێ ھەر بەردەوام نابێت، ئەگەر ئەوە ھۆكارێك بێت بە پێچەوانەوە دەبێ بەپەلە بكرێت لە ئەنجامدانی كۆنگرە و یەكێتی بچێتە قۆناغێكی تر كە بتوانێ مامەڵە لەگەڵ پێشھاتەكان بكات و دۆخی ناوخۆی رێكبخاتەوە".
بڕیارە لە کۆنفرانسی مەڵبەند و مەکتەبەکان 500 کەسی دیکە وەک ئەندامی کۆنگرە ھەڵبژێردرێن، ئەم قۆناغەیان بەیەک جاری دیمەنەکە روون دەکاتەوەو رەنگە ململانێکانی کۆنگرەی یەكێتی بباتە قۆناغێکی ئاڵۆزترەوە.
فەھمی بورھان، ئەندامی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی دەڵێ: "دەنگۆی دواخستنی كۆنگرە نیگەرانی لای ھەموو ئۆرگانەكانی یەكێتی دروستكردووە، بەڵام روونكردنەوەی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن ئەمەی بە تەواوی روونكردەوە كە كۆنگرە دواناخرێت".
یەکێتی لە 1/7/2010 کۆنگرەی سێیەمی خۆی بەست، ئەوەش بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت ھەر سێ ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستێت.