حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە پابەندبوون بە سەقامگیری دراوسێیەتی دەکاتەوە
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تۆمەتە نوێیەکانی ئێرانی سەبارەت بە بوونی بنکەی مەشق و راهێنانی هەواڵگریی وڵاتانی بیانی لە هەرێم رەت کردەوە. حکوومەتی هەرێم وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لەم جۆرە رەفتارانە، داوای لە بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد رێگری لە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێم بگرن و جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی بێلایەن و ئاشتیخواز دەمێنێتەوە لە ناوچەکەدا.
هەینی 24ی نیسانی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا نیگەرانی قووڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرانبەر ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە لە هەندێک دامەزراوەی دادوەری و راگەیاندنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بلاوکراونەتەوە کە گوایە هەندێک لەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپیندراوە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگری وڵاتانی دیکەوە مەشقیان پێکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و هەڵوێستی روون و نەگۆڕی خۆی بۆ رای گشتی لە ناوەوە و دەرەوە خستووەتەروو، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە، بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دوورە لە راستییەوە.
هەروەها، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرانبەر بەردەوامیدان بەم جۆرە تۆمەتانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە پێویستی بە ددانبەخۆداگرتنی زیاتر و گفتوگۆ و بەشداریەکی بەرپرسیارانە هەیە. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە رەفتارە ناسەقامگیری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت هەرێمی کوردستان بە بەردەوام هەوڵی بۆ پاراستنی ئەوسەقامگیریە داوە.
لە راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دراوە، چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پابەندبوون وەک فاکتەرێکی سەقامگیری و بێلایەن و پێکەوەژیان لە عێراق و ناوچەکە. بە رێزگرتن لە دەستووری عێراقی فیدراڵ و پرەنسیپی پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربێت بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.
لە هەمان کاتدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەکات کە بەرپرسیارەتی دەستووری خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی سەرەوەی عێراق و رێگری کردن لەو پێشێلکارییانەی کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و رێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی هاووڵاتییان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لەوەش کردووە، خەڵکی هەرێمی کوردستان لە پێناو ئاشتی و کەرامەت و مافە دەستووریەکاندا، دەیان ساڵە بەرگەی ئازار و ململانێ و قوربانیدانی گرتووە، هەر بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پابەند بوونی بە حوکمڕانی بەرپرسیارانە و پاراستنی هاووڵاتییانی خۆی و پەرەپیدانی پەیوەندی بنیاتنەر و ئاشتیخوازانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە نێودەولەتیەکان.