عێراق ده‌یه‌وێت قەرزی 90 ملیار دۆلار لە 55 وڵات وەربگرێتەوە

حکوومەتی پێشووی عێراق بەر لە داگیرکردنی کوێت بە وڵاتانی دابوو

K24 – هه‌ولێر:

یەکێک لەو هۆکارانەی ئابووری عێراقی پەکخستووە ئەو قەبارە گەورە قەرزەیەتی کە لەسەری کەڵەکەبووە.

لە لایەکی دیکەوە بە گوێرەی داتاکانی دەستەی دەستپاکی، بەغدا هەوڵدەدات 87 ملیار دۆلار قەرز وەربگرێتەوە کە قەبارەیەکی خەمڵێندراوی قەرزە لە 55 وڵاتی جیهانە، کە حکوومەتی پێشووی عێراق بەر لە داگیرکردنی کوێت بە وڵاتانی دابوو، تا ئێستا بە عێراق نەدراوەتەوە.

رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی لەسەر زمانی سەرۆکی فەرمانگەی گەڕاندنەوەی قەرز لە دەستەی دەستپاکی بڵاویکردووەتەوە، بە گوێرەی یاساکانی عێراق دوو لایەنی فەرمی رێگەپێدراون بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکان لە دەرەوە، ئەوانیش سندووقی وەگرتنەوەی قەرز کە ئەوکات بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزارەتی دارایی ئەندامبوونی ژمارەیەک لایەن وەک بانکی ناوەندی وەزارەتی دەرەوە و داد پێکهاتن، ئەرکیان دیاریکراو بوو بۆ وەرگرتنەوەی قەرز، بەڵام ئەو کات دوای هێرشەکانی عێراق و سەپاندنی سزاکان دۆخەکە قۆسترایەوە بۆ بابەتی نەوت بەرامبەر خۆراک.

دەشڵێت لایەنەکی دیکە فەرمانگەی وەرگرتنەوەیە کە بە بڕیاری ژمارە 30 ساڵی 2011 پێکهاتووە، لایەنی تایبەتە بە وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی بە قەرز دراون و هەروەها پارەی ئەو بەرپرسانەی تۆمەتبارکرابوون و ئەژمارەکانیان بلۆک کرابوو. بەوەش دەستەی دەستپاکی رێککەوتنی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکانی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، و دواتریش لایەنی فەرمییە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی عێراق بە رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هاوکات ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاماژە بەوەدا، وەرگرتنەوەی قەرزەکان، بابەتی سەرەکی بوو دوای بەهاری عەرەبی، بەوەش ئەگەر یاسای پێویست نەبێت بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکان، پێویستە دەستەی دەستپاکی دەرچەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکان بە تایبەت ئەو وڵاتانەی رێککەوتنی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە.

سەرۆکی فەرمانگەی وەرگرتنەوە قه‌رزه‌كان گوتی: سندووقی وەرگرتنەوەی قەرزەکان لەسەره‌تای دامەزراندنیەوە لە لایەن وەزارەتی داراییەوە بە مردووی لە دایکبوو، دواتر لە ساڵی 2015 هەوڵدرا بۆ کاراکردنی، بۆیان دەرکەوت کە عێراق قەرزی بە ژمارەیەک وڵات داوە، بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانگەی وەرگرتنەوەی قەرزەکان تیمێکی هونەری بۆ وەرگرتنەوە لە کانوونی دووەمی 2017 دیاریکرد، بۆ ئەو مەبەستەش کارکرا و پەڕاوی پێویست بۆ وڵاتان نێردرا.

هەروەها ئەو بەرپرسە دەشڵێت، لای هەمووان ئاشکرایە دوای داگیرکاری کوێت، سەرجەم پارەی عێراق لە دەرەوە بە هەردوو بڕیاری 660 و 661ـی ئەنجوومەنی ئاسایش بلۆککرا، بۆ نموونە لە کۆتایی هەشتاکان بۆ دامەزراندنی 11 کەشتی جەنگی عیراق گرێبەستێکی بە گوژمەی ملیارێک و 350 ملیۆن دۆلار لەگەڵ ئیتاڵیا واژووکرد، پارەکەشی بەشێوەی کاش بە بڕە نەوت بە لایەنی ئیتاڵی داوە. بەڵام بەهۆی رووداوی کوێت ئەو گرێبەستە دواخرا بەوەش پارەکە بە ئیتاڵیا دراوە و عێراقیش کەشتییەکانی وەرنه‌گرتووە، سەرەڕای ئەوەش کۆمپانیا ئیتاڵییەکان کەشتییەکانی بە لایەنی دیکە فرۆشتووە و رۆماش دوای 2003 داوای لەسەر عێراق تۆمارکردووە بەوه‌ی بەهۆی ئەو گرێبەستەوە دووچاری زیان بووە. 

هەروەها سەرۆکی فەرمانگەی گەڕاندنەوەی قەرزەکان لە دەستەی دەستپاکی ئاماژە بەوەدەدات، عێراق گرێبەستێکی دیکەی بە گوژمەی 11 ملیۆن دۆلار لەگەڵ ئیسپانیا واژوو کردووە، بۆ ئەوەی وڵاتەکە کەلوپەلی پیشەسازی لەبواری جۆراوجۆر بۆ عێراق دابینبکات، بەڵام بەهۆی جەنگی کوێت رێککەوتنەکە جێبەجێنەکرا، دواتر ئیسپانیا رایگەیاند کە بە شێوەی کاڵا پارەکە دەگەڕێنێتەوە. هاوکات بە گوێرەی داتاکانی دەستەی دەستپاکی قەرزی عێراق لای 55 وڵاتە.

بۆ ئەو مەبەستەش عێراق پەڕاوی پێویستی بە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوە و پارێزگاکانی ناردووە، لەبارەی بوونی پارەی عێراق لە دەرەوەی وڵات، لە کاتێکدا ئەو بڕە پارەی عێراق داوای دەکات فەرمییە و پارەی کۆمپانیاکان نییە، بەڵکو پارەی ئەو گرێبەستانەیە کە بەهۆی جەنگی کوێتەوە جێبەجێنەکراون، هاوکات ئەو بڕە پارە خەمڵێندراوەی وەک قەرز لە دەرەوەی عێراقە 84 ملیار 291 ملیۆن دۆلارە لەگەڵ دوو ملیار و 337 ملیۆن یۆرۆ کە دەکاتە نزیکەی 326 ملیار دیناری عێراقی.