کارلۆس گۆسن بەرەو لوبنان هەڵات
بەڕێوەبەری لەکار دوورخراوەی هاوپەیمانی رینۆ نیسان لە ژاپۆن دەست بەسەر كرابوو
K24 - ھەولێر
کارلۆس گۆسن، بەڕێوەبەری لەکار دوورخراوەی هاوپەیمانی رینۆ نیسان، بۆ پیشەسازی ئۆتۆمبێل، کە لە لایەن دادگای ژاپۆنە دەست بەسەر کرابوو بەرەو لوبنان هەڵات.
گۆسن لەیەکەم لێدوانیدا لە لوبنان رایگەیاند، لە دادگا رای نەکردووە، بەڵکو لە دەست زوڵم و خراپ مامەڵەکردن رایکردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا چیدی دیلی سیستمی دادگای ژاپۆن نییە. و لەمەودوا دەتوانێت بە ئازادی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بدوێت.
گۆسن لەبارەی چۆنییەتی گەیشتنی بۆ لوبنان هیچ زانیارییەکی ئاشکرا نەکردووە.
لەوبارەیەوە پارێزگاری گۆسن و گوتەبێژی نووسینگەی داواکاری گشتی لە تۆکیۆ هیچ لێدوانێکیان نەداوە، و گوتەبێژی کۆمپانیای نیسانیش رێگری لێکراوە زانیاری ئاشکرا بکات.
هەروەها باڵیۆزخانەی لوبنانیش لە تۆکیۆ رایگەیاند، هیچ زانیارییەکیان لەوباریەوە بە دەست نەگەیشتووە.
بە گوێرەی وەزارەتی دادی ژاپۆن هیچ یاداشتنامەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی تۆمەتباران لەنێوان تۆکیۆ و بەیرووت نییە، ئەوەش وادەکات گەڕانەوەی گۆسن بۆ دادگاکانی ژاپۆن ئاستەم بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی ئاراستە کردنی چوار تۆمەت 19 تشرینی دووەمی 2018 کارلۆس گۆسن لە تۆکیۆ دەستبەسەر کرا.
ھ.م