"دوور نییە جەنگێكی ناوخۆیی بە پاڵپشتی دەرەكی لە عێراق رووبدات"
ئه‌مریكا و ئێران ناكۆكییه‌كانیان له عێراق یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه
K24- هه‌ولێر:
شارەزایەكی سەربازی لەو باوه‌ڕەدایە، ئەوەی ئێستا ئەمه‌ریكا لە عێراق ئەنجامی دەدات، جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنامەیە، كە ساڵی 2008 لەگەڵ عێراق واژووی كردبوو، بۆ ئەوەی بەیەكەوە پارێزگاری لە سەقامگیری و سەروەری خاكی عێراق بكەن، هاوكات شارەزایانی بواری زانستە سیاسییەكان دۆخەكە وا دەبینن، كە ھەردوو جەمسەری ئەمه‌ریكی و ئێرانی دەیانەوێ ململانێكانیان لەناو خاكی عێراق یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.
عادل كاكه‌یی، شاره‌زای سه‌ربازی ده‌ڵێت: بەلای ئەمریكییەكانەوە دۆخی ئێستای عێراق به‌ته‌واوی ئەو كاتەیە، كە پێویستە ئەگەر تاكلایەنانەش بێت، ئەمه‌ریكا پارێزگای لێبكات.
له به‌رامبه‌ریشدا عومه‌ر عەلی، پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان جه‌خت ده‌كاته‌وه، ئەمه‌ریكا لەم ئۆپەراسیۆنانەی لە عێراق ئەنجامی دەدات، ئامانجی یەكلاكردنەوەی ململانێكانیەتی لەگەڵ ئەو ھێزە ھەرێمییانەی كه هه‌ژموونیان به‌سه‌ر خاكی عێراقه‌وه هه‌یه، بۆیە ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دوور نییە جەنگێكی ناوخۆیی بە پاڵپشتی دەرەكی لە عێراق رووبدات.
ئەم بۆچوونانە دوای ئەو دێن، ھێزەكانی ئەمه‌ریكا بۆردوومانی بنكەیەكی چەكدارانی كەتائیبی حزبوڵای عێراقییان له رۆژئاوای پارێزگای ئه‌نبار كرد، لەبەرامبەردا ماوەی دوو رۆژە لایەنگرانی حەشدی شەعبی پەلاماری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق دەدەن. سەركردە دیارەكانی حەشدی شەعبیش لەگەڵیانن.
H.B