حاجی ئۆمه‌ران.. دەست بەسەر بڕێك پاره‌ی ساخته‌دا گیرا
قاچاغچییه‌كان به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانین و به‌نیاز بوون پاره‌كه بهێننه هه‌رێمی كوردستان
K24- حاجی ئۆمه‌ران:
کارمەندانی بنکەی نەهێشتنی ماددەی ھۆشبەرەکانی كۆمه‌ڵگای ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌ران له سنووری ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێك پاره‌ی ساخته‌ی عێراقیدا گرت، كه ژماره‌یه‌ك قاچاغچی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئێرانی به نیاز بوون بیهێننه هه‌رێمی كوردستان.
له راگهیهندراوێكیشدا ژووری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئه‌و ده‌روازه‌یه ئاشكرایكرد، "شەوی پێنج شەممە رێکەوتی (2/1/2020) کارمەندانی بنکەی نەهێشتنی ماددەی ھۆشبەرەکان له کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران توانیان دەست بەسەر (2,525,000) دوو ملیۆن و پێنج سەد و بیست و پێنج هەزار دینار پارەی ساخته‌ی عێراقیدا بگرن.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، "ژماره‌یه‌ك قاچاغچی بە ڕەگەز ئێرانی، دەیانویست بە شێوەیەکی نھێنی و بە قاچاغ ئەو پارە ساخته‌یه بهێنن و له بازاڕه‌كانی ھەرێمی ساغی بكه‌نه‌وه".
جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، " بە شەو و رۆژ بەرێوەبەر و ئەفسەران و بنکەی نەهێشتنی ماددەی ھۆشبەرەکانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە پێناو پاراستنی ئاسایشی کوردستان و سەلامەتی گیانی کوردستانیان له‌ئه‌ركدان".
H.B