سوپای پاسداران: کۆتاییمان بە هەژموونی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە هێناوە

سوپای پاسدارانی ئێران پەیامی هۆشداری ئاراستەی نەیارانی دەکات و رایدەگەیەنێت، ئامادەکارییان بۆ "سوپرایزی گەورە" کردووە کە لە دەرەوەی هەموو خەمڵاندن و تێگەیشتنێکی سەربازیی دوژمنانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە مەیدانی جەنگدا کارتە نوێیەکانیان دژ بە دوژمن بەکاردەهێنن و ئامادەن بۆ خولقاندنی وەرچەرخانێکی گەورە، راشیگەیاند، هێزەکانیان وەڵامێکی دەستبەجێ و چاوەڕواننەکراویان بۆ "دوژمنە پەیمانشکێنەکان" هەیە و لێدانەکانی داهاتوویان لە سەرووی خەیاڵی دوژمنەوە دەبێت، بە جۆرێک کە مێشک و دڵی ستراتیژیی لایەنی بەرامبەر لەناو دەبەن.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیان لە ماوەی رابردوودا ئیسرائیل و ئەمریکای پەکخستووە، بەپێی ئامارەکانی تاران 100 شەپۆلی هێرشی تێکەڵاو ژێرخانی سەربازیی دوژمنی وێران کردووە و زۆربەی بنکە سەربازییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ناوچەکەدا هەرەسیان هێناوە، سوپا دەڵێت، "خاڵە هەستیارەکانی دوژمن هێشتا لەژێر رەحمەتی هێرشەکانماندان."

سەبارەت بە داهاتووی رۆژئاوای ئاسیا، سوپای پاسداران رایگەیاند، ناوچەکە دەچێتە ناو سیستمێکی نوێوە کە تێیدا هیچ هێزێکی بێگانە جێگەی نابێتەوە، ئاماژە بەوەش دراوە، "هەژموونی سەربازیی ئەمریکا" کۆتایی پێهێنراوە و ئەو جەنگە دەروونی و میدیاییەی ئێستا دژ بە ئێران بەڕێوەدەچێت، تەنیا نیشانەی شکستی دوژمنە لە مەیدانی راستەقینەدا، هەر بۆیەش دوژمنان ئێستا داوای ئاگربەست لە ئێران دەکەن.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە کە بۆ ماوەی 50 رۆژە شەقامی ئێرانی پشتیوانی بێ مەرجی خۆی بۆ هێزە چەکدارەکان دەربڕیوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هەر جۆرە هەڵەیەکی لێکدانەوە کە دوژمن تێی کەوتبێت، تاران جەخت دەکاتەوە کە ئامادەی وەڵامدانەوەی توندی هەر جۆرە هەڕەشەیەکین کە ئاسایشی وڵاتەکە بکاتە ئامانج.

لە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کرد سەر خاکی ئێران و دەیان بەرپرسی باڵا و رێبەری ئەو وڵاتەیان کوشت، دواتر ئێران بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و ماوەی 39 رۆژ جەنگەکە بەردەوام بوو، دواتر بە نێوەندگیری پاکستان دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچوو، بڕیارییشە گەرێکی دیکەی دانوستانەکان بەرێوەبچێت بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمی پشتراست نەکراوەتەوە.