بەرهەم ساڵح و پۆمپێیۆ جەخت لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەكە دەكەنەوە

سەرۆك كۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دۆخی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن

K24 - ھەولێر

سه‌رۆك كۆماری عێراق و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا، جەخت لەسەر دانبەخۆداگرتن و هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە دەکەنەوە.

مایك پۆمپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا، له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌،  په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق ئه‌نجامداوه‌ و باسیان له‌ گرنگی هەماهەنگی هاوبەش لە شه‌ڕی تیرۆر و رێزگرتن لە سەروەری عێراق کردووە و جەختیان لەسەر دانبەخۆداگرتن و هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە کردەوە.

ھاوكات سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە ئاشكرای كرد: "لە میانی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، باس لە دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهان کرا، ھاوکات جەختیشکرایەوە لە پێویستی پاراستنی سەروەری عێراق و رێزگرتن لە بڕیاری سەربەخۆیی نیشتمانی. ئاماژە کرا بە پێویستی هێورکردنەوەی دۆخەکە و دانبەخۆداگرتن لە رێگای گفتوگۆی بونیادنەر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بەجۆرێک ببێتە بنەمای ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا".

بەگوێرەی لە بەیاننامەكە ئەوەشخراوەتەڕوو: "تاوتوێی هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەش کرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و رێگانەدان بە دووبارە خۆڕێکخستنەوەی تیرۆریستان و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئاسایش و ئارامی ناوچەکەو جیهان".

بڕیاریشە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە پەراوێزی کارەکانی کۆربەندی ئابووری داڤۆس لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق كۆببێته‌وه‌.

ھ.م