ترەمپ باسی توڕەبوونەکەی لە ناتانیاهۆ دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتڕاستی کردەوە کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی توندی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە و تیایدا هەندێک دەربڕینی توندی بەرانبەری بەکار هێناوە.

چوارشەممە 3ـی ئایاری 2026، پێشتر میدیا ئەمریکییەکان وەک "ئەکسیۆس" و "ئەی بی سی" بڵاویان کردبووەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی رەخنەی لە ناتانیاهۆ گرتووە بەهۆی هەڕەشەکانی بۆ بۆردومانکردنی زاحیەی باشووری بەیروت، ترەمپ لەوە ترساوە کە ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی تێکدانی گفتوگۆکان لەگەڵ تاران کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، کاتێک پرسیار لە دۆناڵد ترەمپ کرا ئایا بە ناتانیاهۆی گوتووە "تۆ شێتی؟ چیدەکەیت؟ من یارمەتیم دایت بۆ ئەوەی لە زیندانی نەکرێیت"، ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "بەڵێ، گوتم. کەمێک بێزار بووم لەو شەڕە بەردەوامەی لە لوبنان هەیە و پێمگوت: بیبی، دەبێت بوەستیت".

سەرەڕای ئەم گرژییانە، ترەمپ جەختی کردەوە، "پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ناتانیاهۆ هەیە و گوتی، "سەرسامم پێی".

ئەم ناڕەزایەتییانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، هەردوو هاوپەیمانەکە لە 28ـی شوباتەوە جەنگیان دژی ئێران دەستپێکردووە، هەرچەندە میدیاکانی ئیسرائیل ئەو گێڕانەوەیە رەتدەکەنەوە، بەڵام بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاماژەی بە پۆستەکانی ترەمپ کرد لە تۆڕی "تروس سۆشیاڵ" کە تیایدا سوپاسی ناتانیاهۆی کردووە بۆ پاشەکشەکردن لە بۆردومانکردنی بەیروت.

لە لایەکی دیکەوە، راپۆرتە میدیاییەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، تاران بەهۆی فراوانبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکییەکان هەڵپەساردووە.