سه‌رۆك كۆماری عێراق ته‌نیا 3 رۆژ مۆڵه‌ت به كوتله په‌رله‌مانییه‌كان ده‌دات
پێویسته له ماوه‌ی دیاریكراودا بگه‌نه رێككه‌وتن
K24- هه‌ولێر:
به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق په‌یامێكی ئاراسته‌ی كوتله و فراكسیۆنه په‌رله‌مانییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد و تێیدا ماوه‌ی ته‌نیا 3 رۆژی وه‌ك مۆڵه‌ت بۆیان دیاریكرد، كه له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بگه‌نه دوا بڕیار.
سه‌رۆك كۆمار داواشی له لایه‌نه‌كانی په‌رله‌مان كرد، به‌زووترین كات ده‌ست به دانوستانی سیاسیی بونیادنه‌ر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران بگه‌نه رێكه‌وتن، كه جێگای ره‌زامه‌ندی گه‌لی عێراق بێت و دواتر ناوی كاندیده‌كه بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به‌رز بكرێته‌وه، تاكو فه‌رمانی راسپاردنی بۆ ده‌ربكرێت.
ساڵح له په‌یامه‌كه‌یدا دووپاتیكرده‌وه، "هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه ده‌زانن كه ئه‌ركێكی نیشتمانیی ده‌ستووری له‌سه‌ر شانی سه‌رۆك كۆماره بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه و ئه‌گه‌ر كوتله سیاسییه‌كان نه‌یانتوانی له ماوه‌ی دیاریكراودا ئه‌و پرسه یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، ئه‌وا له ده‌سه‌ڵاتی مندایه كه كه‌سێكی شیاو بۆ ئه‌و پۆسته ده‌ستنیشان بكه‌م".
سه‌رۆك كۆمار جه‌ختیشی كرده‌وه، وڵات رووبه‌ڕووی لارییه‌كی سیاسی مه‌ترسیدار بووه‌ته‌وه، كه پێویسته هه‌موو لایه‌ك به‌گوێره‌ی به‌رپرسیارێتی خۆی رووبه‌ڕووی ببێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه له‌مه ئاڵۆزتر نه‌بێت و هه‌روه‌ها له پێناو جێبه‌جێكردنی داواكاری خۆپیشانده‌ران، پێویسته حكوومه‌تێكی نوێ وه‌ك كارئاسانییه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو پێكبهێنرێت.
H.B