هیوا ئەحمەد بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی هاوکاری دەگەیەنێتە بریندارانی رووداوەکەی کەرکووک

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، هیوا ئەحمەد بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان، بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئەو بریندارانەی کرد کە لە رووداوە تراژیدییەکەی کەرکووکدا بریندار ببوون و ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

لە میانی سەردانەکەیدا، هیوا ئەحمەد هاوکاری و دیاری تایبەتی مەسرور بارزانی گەیاندە بریندارەکان و رایگەیاند، "سەرۆکی حکوومەت فەرمانی کردووە کە هەموو دەزگا تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئامادەباشیدا بن بۆ دابینکردنی هەر جۆرە چارەسەرێکی پێویست بۆ بریندارەکان، چ لەناوخۆ بێت یان لە دەرەوەی وڵات."

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی تەندروستی و پارێزگاری هەولێر راسپێردراون بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری دۆخی بریندارەکان بکەن. هیوا ئەحمەد، جەختی لە گیانی برایەتی نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک کردەوە و گوتی، "ئازاری کورد، عەرەب و تورکمان لای ئێمە یەکە و ئەرکی مرۆیی و نەتەوەییمانە لە کاتە سەختەکاندا پشتیوانی یەکتر بین."

دوێنێ رووداوێکی هاتوچۆی لە کەرکووک روویدا کە تێیدا هەشت هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 20ـی دیکەش بریندار بوون، ئەم سەردانەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم دێت بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان بەبێ جیاوازی.