پوتن: هەرچیمان لە توانا دابێت بۆ بەرژەوەندی ئێران دەکەین
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەموو تواناکانی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە کاتی پێشوازیکردنی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "رووسیا هەرچییەکی لە توانادابێت ئەنجامی دەدات کە لە بەرژەوەندیی ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا بێت، بە ئامانجی زامنکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نزیکترین کاتدا."
سەرۆکی رووسیا ئاشکراشی کرد، کە پەیامێکی لەلایەن موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێگەیشتووە و گوتی، "گەلی ئێران بە ئازایەتی و قارەمانێتییەوە لە پێناو سەروەریی وڵاتەکەیان دەجەنگن."
پوتن ئاماژەی بەوەش کرد، مۆسکۆ دەخوازێت گەلی ئێران بتوانێت ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و ئاشتی و ئارامی لە وڵاتەکەدا جێگیر بێت.
ئەم کۆبوونەوەیەی پوتن و وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان بەردەوامن.