کەرکووک.. باڵەخانەیەک لە کاتی کارکردندا داڕووخا و 21 قوربانی لێکەوتەوە
بەهۆی داڕووخانی باڵەخانەیەک لە کاتی کۆنکرێتکردندا لە شاری کەرکووک، کارەساتێکی مرۆیی روویدا. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بۆ "کوردستان24" پشتڕاستی کردەوە کە تا ئێستا کرێکەرێک گیانیان لەدەستداوە و 10 کەسی دیکەش برینداربوون.
دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، رووداوەکە لە کاتی پرۆسەی سەبتێکردن و کۆنکرێتکردنی سەقفی باڵەخانەیەکدا روویداوە. بەهۆی داڕووخانی لەناکاوی بنمیچی باڵەخانەکە، ژمارەیەک کرێکار کە لەوێدا خەریکی کارکردن بوون، کەوتوونەتە ژێر داروپەردوو و چیمەنتۆکەوە.
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "کوردستان24" دوایین ئاماری قوربانیانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "بەداخەوە لە ئەنجامی داڕووخانی باڵەخانەکە، کرێکارێک گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 10 کەسی دیکەش بە برینداری لە ژێر داروپەردووەکە دەرهێندراون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر."
هەر لەگەڵ رووداوەکەدا، تیمەکانی بەرگری شارستانی و فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان کردووە بە گەڕان بە دوای قوربانیانی ئەگەری لە ژێر داروپەردووەکەدا.
یەکێک لەو کرێکارانەی لە رووداوەکە ڕزگاری بووە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئێمە نزیکەی 10 بۆ 12 کەس بووین لەسەر کار، لەناکاو هەمووی داڕووخا. دوو هاوڕێمان گیانیان لەدەستدا و 6 بۆ 7 کەسی تریش قاچ و دەستیان شکا و بریندار بوون."
هاوکات، شایەتحاڵێکی دیکە رەخنەی توندی لە شێوازی بنیاتنانی بیناکە گرت و گوتی: "لێرە هیچ ئەندازیارێک نییە چاودێری مەوادەکان بکات. سەلامەتی کرێکار سفرە و هیچ بیمە و زەمانێکیان نییە." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، پەلەکردن لە دروستکردنی بیناکە هۆکار بووە "ناکرێت لە ماوەی هەفتەیەک یان 15 رۆژدا دەست بکەیت بە دروستکردنی نهۆمێک، چونکە ئەمە تەیارەی کاغەز نییە دروستی بکەیت، گیانی خەڵکی تێدایە."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک پشتڕاستی کردەوە کە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و باری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە. هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکە و سەرپەرشتیارانی کارەکە دەستپێکردووە بۆ دیاریکردنی هۆکاری تەکنیکیی پشت ئەم داڕووخانە.
باسی لەوەش کرد، گەڕان بۆ دۆزینەوە کرێکارەکان لە ژێر داروپەردووەکان بەردەوامە.