فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به بێده‌نگی گه‌ڕایه‌وه عێراق
سه‌ردانی عه‌ین ئه‌سه‌دیشی كردووه
K24- هه‌ولێر:
كه‌ناڵی فۆكس نیوزی ئه‌مه‌ریكی له راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، دوای ئه‌و گرژیه‌ی به‌هۆی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران له نێوان واشنتن و به‌غدا درووستبوو، جارێكی دیكه كینیت ماكنزی، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی سوپای ئه‌مه‌ریكا به بێده‌نگی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ عێراق.
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی ئه‌و كه‌ناڵه ئه‌مه‌ریكییه له راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی واشنتن و به‌غدا، فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به بێده‌نگی گه‌ڕاوه‌ته‌وه عێراق.
هۆكاری بێده‌نگی گه‌ڕانه‌وه‌ی ماكنزیشی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه، كه ئێستا هه‌وڵێكی جددی له عێراقه‌وه بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئارادایه.
فۆكس نیوز له زاری ماكنزی بڵاویكردووه‌ته‌وه، كه ناوبراو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا كۆبووه‌ته‌وه و سه‌ردانی بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌دی كردووه، كه مانگی رابردوو له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه به مووشه‌ك كرایه ئامانج، وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كوژرانی قاسم سوله‌یمانی له‌لایه‌ن فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكاوه له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا.
وه‌ك كه‌ناڵه ئه‌مه‌ریكییه‌كه ئاماژه‌ی پێداوه، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له عێراق، ماكنزی به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاندووه، "من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه ده‌توانین رێگایه‌ك بۆ هه‌نگاونان بدۆزینه‌وه" و دووپاتیكرده‌وه، "به كۆبوونه‌وه‌كانم له عێراق گه‌شبینم".
دانیشی به‌وه‌دا ناوه، كه به‌هۆی گرژی له په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق، پرۆسه سه‌ربازییه هاوبه‌شه‌كانی نێوان هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و عێراق سنووردار كراون.
ماكنزی گوتی: هێشتا په‌یوه‌ندییه‌كان به دۆخێكی هه‌ڵچووندا گوزه‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام چه‌ند رێگایه‌ك هه‌ن بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ئاسایی بوونه‌وه، هه‌روه‌ك هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه تایبه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا تا ئێستاش له‌گه‌ڵ هێزه عێراقییه‌كان كار ده‌كه‌ن.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵه ئه‌مه‌ریكییه‌كه، شه‌وی رابردوو ماكنزی به سه‌ردانێك گه‌یشته عێراق و به جیا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمار، محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق كۆبووه‌ته‌وه.
له 5ی كانونی دووه‌می ئه‌مساڵ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به بڕیارێك حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ی پابه‌ند كرد به ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان و كۆتاییهێنان به وه‌رگرتنی هاوكاری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش.
H.B