دراوسێیەکی چین یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند

هاووڵاتییەکی فەرەنسی ڤایرۆسەکەی گواستۆتەوە

K24- هه‌ولێر:

وڵاتی مەنگۆلیا یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند کە کەسێکی فەرەنسییە و لەو وڵاتە کار دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی مەنگۆلیا، کەسەکە تەمەنی 57 ساڵە و لەگەڵ 120 کەس تێکڵبووە و پەیوەندی رۆژانەی هەبووە لەگەڵیان، بۆیە پشکنین بۆ هەموو ئەوانە دەکرێت کە نزیکی بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حاڵەتەکە لە هەرێمی دۆرنۆگۆڤی تۆمارکراوە و هاتووچۆ لەو هەرێمەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی مەنگۆلیا قەدەغەکراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، مانگۆلیا گەشتەکانی لە وڵاتەکەی بۆ چین، ژاپۆن و کۆریای باشوور راگرتبوو، هەروەها تا کۆتایی ئەم مانگە، دەوامی قوتابخانەکانی راگرتووە.

Reuters