یۆڤێنتۆس هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ تووشبووانی کۆرۆنا دەکات

یۆڤێنتۆس دەیەوێت ملیۆنێک یۆرۆ کۆبکاتەوە

گەرچی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێشبینی دەکرێت یانەی یۆڤێنتۆس نزیکەی 110 ملیۆن یۆرۆ زەرەری پێ بگات، بەڵام ئەم یانە ئیتاڵییە دەستی بە هەڵمەتێک کردووە بۆ ئەوەی کۆمەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبکاتەوە.
لەوەتەی رۆژی هەینی یانەی یۆڤێنتۆس دەستی بە کەمپەینێک کردووە بۆ ئەوەی ملیۆنێک یۆرۆ کۆبکاتەوە و بە نەخۆشخانەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای ببەخشێت لە شاری تۆرین، لەکاتێکدا یانە ئیتاڵییەکە دوای وەستانی یارییەکانی ئەم وەرزە پێشبینی دەکرێت زەرەرێکی گەورە بکات.
یانەی یۆڤێنتۆس لە ژێر دروشمی (دیستانتیمایونیتی) دەستی بە هەڵمەتەکەی کردووە و ئامانجی ئەوەیە ملیۆنێک یۆرۆ کۆبکاتەوە و پێشکەشی نەخۆشخانەی شاری تۆرینی بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا.
یانەی یۆڤێنتۆس بە 300 هەزار یۆرۆ بەشداریی هەڵمەتەکەی کردووە و ماوریزیۆ ساری راهێنەری یانەکە بە 15 هەزار و مێرالیم پیانیچ بە 10 هەزار و لیۆناردۆ بۆنۆچیش بە 120 هەزار یۆرۆ بەشداریی ئەم کەمپەینەیان کردووە.
تاکو ئێستا نزیکەی نیو ملیۆن یۆرۆ کۆبووەتەوە و زیاتر لە هەزار کەسیش بەشداریی هەڵمەتەکەیان کردووە، کە هەر کەسێک دەتوانێت لە رێگای ئینتەر نێتەوە بە کریدت کارت بەشداریی هەڵمەتەکە بکات.
یانەی یۆڤێنتۆس جگە لەم هەڵمەتەی، ڤیدیۆی سەرجەم یاریی و دیمەنە تایبەتەکانی لە کەناڵی تایبەتی یانەکەی بەخۆڕایی پێشکەشی هاندەرانی دەکات بۆ ئەوەی بتوانن لە ماڵەوە لە کاتی کەرەنتینەکردنی خۆیان چێژی لێ ببینن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە و خۆیان لە ڤایرۆسەکە بپارێزن.