وێنە و ڤیدیۆ: ئەستێرەکانی تۆپی پێ لە ماڵەوە چۆن خۆیان کەرەنتینە کردووە؟

هەریەکێکیان خۆی بە شتێکەوە خەریک کردووە

ئەستێرەکانی تۆپی پێ بۆ خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماڵەوە ماونەتەوە، هەریەکێکیان خۆی بە شتێکەوە خۆی خەریک کردووە.
سێرخیۆ رامۆس لەم کاتەش هەر خەریکی وەرزشکردنە، لە ئینستاگرام ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە خەریکی راکردنە و وەرزش دەکات، وادیارە رامۆس گەشبینە بەمنزیکانە یارییەکان دەستپێبکەنەوە و خۆی بە بەدەستهێنانی نازناوەکان لەگەڵ ریال مەدرید ئامادە دەکات.

مارکۆس یۆرێنتی ناوەڕاستکاری ئاتلێتیکۆ مەدریدیش بە هەمان شێوەی رامۆس، لە ماڵەوە خەریکی وەرزشکردنە، یۆرێنتی کەشێکی خۆشی لە ماڵەکەی خوڵقاندووە، بە گوێگرتن لە گۆرانییەکی خۆش پارێزگاریی لە توانای جەستەیی خۆی دەکات، وادیارە دوای دوو گۆڵەکەی دژی لیڤەرپوول هێشتا ناوەستێت و چاوی لە ئاستی باشترە.
مارک ئاندرێ تێرشتیگنی گۆڵپارێزی بارسێلۆنا وازی لە راهێنانەکان نەهێناوە، سەرەڕای وەستانی راهێنانەکانی یانەکەی، بەڵام بە تەنیا لە ماڵەکەی راهێنان دەکات و دەیەوێت پاریزگاریی لە ئاستەکەی بکات.

ماتیاس دی لیختی بەرگریکاری یۆڤێنتۆس لە ماڵەوە سوودی لەم دەرفەتە بینیوە و لەگەڵ مۆلیناری خۆشەویستی خەریکی یاریی تۆپی سەرمێزە، دی لیخت لەگەڵ خۆشەویستەکەی رکابەریی یەکتری دەکەن، بەڵام نازانرێت کامیان یارییەکەی بردووەتەوە.
پاولۆ دیبالا لە ماڵەکەی لەجیاتی گۆڵدروستکردن ئەمجارەیان خەریکی خواردن دروستکردنە، بەڵام نازانرێت تا چەند لە خواردنەکەی رازین و چەندە بە دڵی خۆشەویستەکەی بووە.

متیاس دی لیخت و خۆشەویستەکەی لە کاتی یاریکردن
متیاس دی لیخت و خۆشەویستەکەی لە کاتی یاریکردن

لیۆنێل مێسی وەکو هەمیشە سوودی لەم پشوو وەرگرتنە وەرگرتووە و لە ماڵەکەی لەگەڵ منداڵەکانی خەریکی یاریکردنە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیش هاوشێوەی لیۆ لەگەڵ منداڵەکەی لە ماڵەوە یاریی دەکات.
چیرۆ ئیمۆبیلی هێرشبەری لازیۆ کە ئەم وەرزە بە 27 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی سێریا ئەی گرتووە، خۆی فێری خواردن دروستکردن دەکات، بەڵام ئیمۆبیلی وەکو گۆڵکردن لە خواردن دروستکردنەکە لێزان نییە و لەلایەن خۆشەویستەکەیەوە رێنمایی دەکرێت.
نێیمار لە ماڵەوە خەریکی سەیرکردنی درامایەکی ئیسپانییە و وەرزشیش دەکات، جیانلۆکا زامبرۆتای بەرگریکاری پیشووی ئیتاڵیش لە ماڵەوە ڤیدیۆی یارییەکانی خۆی لە مۆندیالی 2006 بە کوڕەکەی پیشان دەدات، وادیارە زامبرۆتا دەیەوێت دەستکەتەکانی لە مۆندیالی 2006 خۆی بۆ کوڕەکەی بگێڕێتەوە.

مێسی و منداڵەکانی لە کاتی مانەوەیان لە ماڵەوە
مێسی و منداڵەکانی لە کاتی مانەوەیان لە ماڵەوە

کریستیانۆ رۆناڵدۆش لە مادێرا لە ڤێلایە تایبەکەی خۆی لەگەڵ خێزانەکەی ماوەتەوە، دۆن لەوەتەی رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە لە مادێرایە و خۆی کەرەنتینە کردووە، کەچی هێشتا زوومی کامێراکان وازی لێناهێنن و بەدوایەوەن.