مێسی هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر کەمکردنەوەی مووچەکەی راگەیاند

ریال مەدرید و بارسێلۆنا بڕیاری خۆیان لەبارەی کەمبوونەوەی داهاتی یانەکانیان داوە

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەستانی خولەکان، یانەکانی ئەوروپا خەریکن بیر لە رێژەی زەرەری و زیانی خۆیان دەکەنەوە، هەر یەکێکیان بە جۆرێک بڕیار دەدات.
ریال مەدرید و بارسێلۆنای ئیسپانی کە لە دەوڵەمەنترین یانەکانی جیهانن، بە پێچەوانەی یەکتری مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە دەکەن کە ئێستا پێیدا تێدەپەڕن، بارسێلۆنا دەیەوێت مووچەی یاریزانەکانی کەم بکاتەوە، بەڵام ریال مەدرید تاکو ئێستا بیری لەم بژاردەیە نەکردووەتەوە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ لەگەڵ لیۆنێل میسی و سێرخیۆ بۆسکێتس و سێرجی رۆبێرتۆ و جیرارد پیکێ کە کاپتنی یانەکەن کۆبووەتەوە و رەزامەندی وەرگرتوون بۆ ئەوەی بڕیاری کەمکردنەوەی مووچەی یاریزانەکانی یانەکە بدەن.
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە رایگەیاندووە مێسی و هاوڕێکانی بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخەی یانەکەیان پێیدا تێدەپەڕێت رازی بووینە بەوەی بڕێکی مووچەی یانەکەیان کەم بکرێتەوە، چونکە بەهۆی وەستانی یارییەکان بلاوگرانا داهاتی کەمی کردووە.
پێچەوانەی بارسێلۆنا، بەرپرسانی ریال مەدرید بەنیاز نین مووچەی یاریزانەکانیان کەم بکەنەوە و سەرەڕای کەمبوونەوەی داهاتیان بەنیازن مووچەوای تەواوی یاریزانەکانیان بدەن.
رادیۆی ئیسپانیا بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک لە یانەی ریال مەدرید ئاشکرای کردووە، ریال مەدرید بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بیر لە کەمکردنەوەی مووچەی یاریزانەکانی ناکاتەوە.
بەگوێرەی یاسای (ERTE) یانەکان دەتوانن لە هەر دۆخێکی نەخوازراودا کە ببێتە هۆی وەستانی یارییەکان و چالاکییەکان، مووچەی یاریزانەکانیان رابگرن یانیش مووچەکانیان کەم بکەنەوە.
جگە لەوەی بەهۆی وەستانی یارییەکان، ریال و بارسا داهاتی فرۆشتنی بلیتی یارییەکان و مافی پەخشی یارییەکانیان لەدەست داوە، مۆزەخانە و یاریگاکانیشیان لە ترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داخستووە، کە رۆژانە هەزاران کەس سەردانی مۆزەخانە و یاریگاکانیان دەکرد و داهاتێکی زۆریان لێ دەست دەکەوت.