کۆرۆنا سنوورەکانی ناو وڵاتانی ئەوروپا بە تەواوی دادەخات
دانیشتوانەکە خۆیان بۆ خۆپاراستن زۆر پێویست نەبێت نایەنە دەرەوە
K24 – ماستریخت/ هۆڵهندا:
دەیان ساڵە زۆربەی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەوروپا لە پارتەکانی دەسەڵاتی وڵات داوا دەکەن سنوورەکان دابخرێن یان رێوشوێنی توند بگرنە بەر بۆ کۆنترۆڵ و رێگرتن لە کۆچی نایاسایی و پەنابەری، ئەم بابەتە هەرگیز نەبووە گفتوگۆی حکومەتەکان و ئۆپۆزسیۆنیان بە پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردن ناوزەد دەکرد و رایاندەگەیاند ئەو بڕیارە ئەستەمە جێبەجێبکرێت و سنوورەکان دەبێت کراوە بمێننەوە.
دوور لە کۆچی نایاسایی و پەنابەری، لەگەڵ گەیشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ئەوروپا، دووبارە ئەو بابەتە هاتەوە پێشەوەو ئەمجارە بە پێچەوانەوە پارتەکانی دەسەڵات (حکومەتەکان) ئەو بڕیارەیان دەرکرد و سنوورەکانیان داخست.
سنووری زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپا وا تێکەڵ بەیەکن جودا ناکرێنەوە، گەرهەندێت تابلۆی تایبەت بە وڵاتەکە نەبێت، هۆڵەنداو بەلجیکا، دوو وڵاتی زۆر نزیک لەیەکترن و تەنانەت بۆ بازاڕکردن و کڕینی سوتەمەنی و تەنانەت خوێندنیش و کارکردن تێکەڵیەکی زۆر هەیە و هەست ناکرێت دوو وڵاتی جودابن بەتایبەتیش کە ئەم بەشە یەک زمانیش قسەدەکەن.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیاتر بوونی مەترسی بڵاوبوونەوەی، بەلجیکا بڕیاری داخستنی سنووری لەگەڵ هەموو وڵاتانی دەوروبەری دا و زۆر پێویست نەبێت هاتووچوون قەدەغەکرا، گەرچی ئەو بڕیارە تائێستا لەلایەن حکومەتی هۆڵەنداوە نەدراوە و تەنها بڕیاری مانەوە لە ماڵەوە راگەیەندراوە، بەڵام دانیشتوانەکە خۆیان بۆ خۆپاراستن زۆر پێویست نەبێت نایەنە دەرەوەو بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچوون (لۆک داون) لەلایەن خۆیانەوە بێ بڕیاری حکومەت جێبەجێدەکەن.
ئەمڕۆ کەبەتەواوی لەلایەن حکومەتی بەلجیکاوە، داخستنی سنوورەکان کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، سەردانی دوو سنووری نێوان هۆڵەندا و بەلجیکامان کرد، کە لەلایەن پۆلیسی بەلجیکاوە کۆنترۆڵ دەکرێت و رێگا لە هەموو چوونە ناوێكی بەلجیکا دەگیرێت و ئەوەی بە نایاسایی و بێهۆکار بچێتە ئەو وڵاتە سزاکەی لە 4000 تا 5000 یۆرۆ دەدرێت.
پۆلیسێک لە گروپی کۆنترۆڵ هات و لە دووری مەترو نیوێک پرسیاری کرد، بۆ هاتویتە ئێرە؟ دوای دڵنیابوون کە کارمەندی کوردستان24م و بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر داخستنی سنوورەکان هاتووم، رێگەیدا بە وێنەگرتن و منیش پرسیم سەرپێچیکار زۆرن؟ ئەو وتی: ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسیەکە لەسەر ژیانی هەموو مرۆڤایەتی نەک تاکەکەس، ئەوەی سەرپێچی بکات تەنها کێشە بۆخۆی دروست ناکات، بەڵکو ترسە بۆسەر هەموو مرۆڤایەتی، گەنجەکان لەبەر ئەوەی ژیانی شەڕ و نەبوونیان نەدیوە، ئەم دۆخە بۆیان سەیرەو وەک فلیمێکی ئاکشن دەبینن، سەرپێچیکارانیش زۆربەی ئەوانن بۆیە ئێمە لێرەین تا رێگربین و نەیەڵین ڤایرۆسەکە تەشەنە بکات.
