بەهۆی كۆرۆنا یەكەم وەزیری تەندروستی لە ئەوروپا لە پۆستەكەی دوور خرایەوە

تەنیا مانگێك بوو ئەو پۆستەی بەڕێوە دەبرد

K24- هەولێر:

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پەرلەمانی ئۆكراینا ئیلیا یەمتس، وەزیری تەندروستی وڵاتەكەیان لە كارەكەی دوور خستەوە، كە ماوەی تەنیا مانگێك بوو ئەو پۆستەی بەڕێوە دەبرد.

سەرچاوەیەك لە كوتلەی پەرلەمانی حزبی "خزمەتكاری گەل" كە لەلایەن ڤلادیمێر زیلینسكییەوە سەركردایەتی دەكرێت، رایگەیاند، وەزیری تەندروستی لە رێكخستنی كاری وەزارەت شكستی هێناوە و نەیتوانیوە پلانێكی تۆكمە و كارا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دابڕێژێت، بۆیە زۆرینەی پەرلەمانتاران دەنگیان بە دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی داوە.

پەرلەمانی ئۆكراینا پێشنیازی دامەزراندنی مەكسیم ستیپانۆڤ، سەرۆكی پێشووی ئیدارەی هەرێمیی لە كەرتی ئۆدیسا وەك وەزیری نوێی تەندروستی بۆ سەرۆكی وڵاتەكەیان كردووە.

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر هەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی ئۆكراینا لە بەیاننامەیەكدا تووشبوونی 480 حاڵەتی نوێ بە كۆرۆنا و مردنی 11 كەس بەهۆی ئەو پەتایە لە وڵاتەكەیان راگەیاند.

H.B