تولای هاتیمۆگولاری: پرۆسەی ئاشتی بە سستی دەڕوات

تولای هاتیمۆگولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا زۆر بە سستی دەڕوات و گەیشتووەتە ئاستی وەستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، تولای هاتیمۆگولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەیەکی تورکی ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی ئاشتی خەریکە دەگاتە ئاستی پەککەوتن و حکوومەت بە مەبەست درێژەی پێ دەدات و دوای دەخات. گوتیشی، "پێشتر دەسەڵاتدارانی تورکیا چاوەڕێی پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون، بەڵام ئێستا چاویان بڕیوەتە ئەنجامەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێران."

هاوسەرۆکی دەم پارتی هیوا دەخوازێت پرۆسەکە بەرەو پێش بچێت و دووچاری شکستی تەواوەتی نەبێت، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە دیارە تورکیا ستراتیژی خۆی بەستووەتەوە بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئێران.

لە کۆتایی قسەکانیدا، هاتیمۆگوللاری هۆشداریدا و ئاماژەی بەوەدا "ئاگری شەڕ گەیشتووەتە بەردەرگامان، لە کاتێکی ئاوادا راگرتن یان دواخستنی چارەسەری پرسی کورد، هەڵەیەکی مێژوویی و گەورەیە."

ئەم گوتانەی هاوسەرۆکی دەم پارتی لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی 106ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیا، ئەردۆغان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە. سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی پڕۆسەی ئاشتی، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند "پڕۆسەکە بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی و بە هەمان خێرایی بەردەوامە و هیچ شتێک پەکینەکەوتووە.