حکومەتی هەرێم ئەو کەسانە دەگەڕێنێتەوە کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە
حکومەت داوایەک لە هاووڵاتیانی دەرەوەی وڵات دەکات
K24 – ههولێر:
فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت بڵاویکردەوە، پێشینەى گەڕاندنەوەى هاووڵاتیانى هەرێم لە دەرەوە دەداتە ئەو کەسانەى بۆ چارەسەری نەخۆشى و خوێندن و گەشتیاریی لە دەرەوەى وڵاتن و ڕەوشیان لە ڕووی یاساییەوە نالەبارە.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە چەندین بۆنەی جیا جیا لەگەڵ فەرمانگە و وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان جەختى لەسەر ئەم پرسە کردۆتەوە و بە هەماهەنگى کردن لەگەڵ وەزارەتى دەرەوە و نێردە دیپلۆماسیەکانى عێراق و نوێنەرانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە هەوڵى بەرچاو دراوە و ئاکامى باش بەدەست هێنراوە.
دەشڵێت، سەرجەم ئەوانەى لە دەرەوە دەگەڕێنەوە رێکارى پزیشکى پێویستیان بۆ دەگیرێتە بەر، ئەمەش فشارێکى زۆر لەسەر وەزارەتى تەندروستى و کارمەندانى دروست دەکات، کە توانای لەو رووەوە سنووردارە. بۆیە بە هاووڵاتیانی بەڕێز رادەگەیەنین، لە ئێستادا تەنها ئەو داواکاریانە ڕەچاو دەکرێن کە زۆر پێویستیان بە گەڕانەوە هەیە.
دووپاتیشدەکاتەوە، ئەو هاووڵاتیانەی دانیشتووى هەر وڵاتێکن لە دەرەوە و کێشەى دارایى و شوێنى مانەوە و کات بەسەرچوونى ڤیزایان نیە، داوایان لێ دەکرێت پشوودرێژ بن و لە دەرەوە بمێننەوە و تەواوى رێنماییەکانى تەندروستى ئەو وڵاتانە جێبەجێ بکەن.
دواى وەستانى گەشتە ئاسمانیەکان زۆر لەو هاوڵاتیانەی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزشکی یان بۆ خوێندن یان وەکو گەشتیار لەدەرەوەى وڵات بوون و بەهۆى نالەبارى ڕەوش ئێستا پێویستیان بە گەڕانەوە هەیە بۆ هەرێمى کوردستان، حکومەتى هەرێم لەچوارچێوەى پلانێکى تۆکمە و بە هەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ توانى ئاسانکاری پێشکەش بکات بۆ ژمارەیەکى بەرچاو لەو هاوڵاتیانەى کە لە دەرەوە بوون و پێویست بوو بگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان.