سۆن هیونگ مین بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتە سەرباز
بۆ ماوەی مانگێک دەبێتە سەربازی وڵاتەکەی
ڤایرۆسی کۆرۆنا سۆن هیونگ مینی یاریزانی تۆتێنهام هۆتسپێرس ناچار دەکات خزمەتی سەربازی تەواو بکات.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرجەم و خول و پاڵەوانێتییەکان وەستاون و یانەی تۆتێنهام هۆتسپێسرسیش سەرجەم راهێنانەکانی وەستاندوون، بۆیە سۆن هیونگ مین مۆڵەتی لە یانەکەی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە کۆریای باشوور، بەڵام لەوێ دەبێتە خزمەتە سەربازییەکەی تەواو بکات.
بەگوێرەی یاسای کۆریای باشوور هەر گەنجێک پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە 28 ساڵ دەبێت 21 مانگ خزمەتی سەربازی بکات، بەڵام بەهۆی بەدەستهێنانی مێدالیای زێڕی لە ئۆڵمپیکی ئاسیای 2018 بە بڕیاری سەرۆکی کۆریای باشوور سۆن هیونگ مین لەم خزمەتە سەربازییە بەخشرا، بەڵام دەبێت چوار هەفتە خزمەتی سەربازی هەر بکات.
سۆن هیونگ مین دەیەوێت سوود لەم وەستانەی خول و پاڵەوانێتییەکە وەربگرێت و تاکو دەستپێکردنەوەی یارییەکان خزمەتە سەربازیەکەی تەواو بکات، کە بەلایەنی کەم تاکو سەرەتای مانگی مایۆ یاریی و راهێنانەکانی تۆتێنهام دەستپێناکەنەوە.