بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سێ نەریتی بەناوبانگ و لەمێژینەی یارییەکان دەگۆڕێن

تەوقەکردن و خاولی و تفکردن قەدەخە دەکرێن

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێشبینی دەکرێت دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە چەند گۆڕانکارییەک لە یارییە وەرزشییەکان بکرێن و سەردەمی دوای کۆرۆنا لە پێش هاتنی ئەم پەتایە جیاواز بێت.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یانەکانی ئەوروپا زۆربەیان وەکو هەنگاوی یەکەمی خۆپارێزیی تەوقەکردن و باوەشکردنیان لە یاریزانەکان قەدەخە کرد، ئەو یانانەی بوكەڵەشیان هەیە، بوکەڵەکانیان سنووردارکرد و وەکو جاران رێگایان نەدەدا بوکەڵەکە تێکەڵی هاندەران و یاریزانان بێت.
پێشبینی دەکرێت دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکانیش تەوقەکردن و باوەشکردن بە یەکتری لە یارییەکانی تۆپی پێ نەمێنێت، کە وەکو کلتورێکی لەمێژینە پێش هەموو یارییەک یاریزانەکانی هەردوو تیپ تەوقە لەگەڵ یەکتری دەکەن.

دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە ئەستەمە جارێکی دیکە بەکارهێنانی خاولی لەلایەن تێنسزانەکان ببینینەوە، کە دەمێک بوو بەشێک لە تێنسزانەکان دژی ئەم کلتورەی یاریی تۆپە زەردەکە بوون.
تێنسزانان خاولی بۆ وشککردنەوە ئارەقەی جەستەیان بەکار دەهێنن و دواتر خاولییەکە بۆ ئەو منداڵانە داوێن کە لەناو یاریگا خزمەتگوزارییەکان پێشکەشی تێنسزانەکان دەکەن، لەوانەیە ئەمەش هۆکارێکی گەورە بێت بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆیە بە رای نۆڤاک جۆکۆڤیچ و چەندان تێنسزانی دیکە پێویست ناکات ئەم نەریتە بمێنێت، کە جگە لە یاریی تێنس لە باسکەش یاریزانەکان خاولی بەکار دەهێنن.

تفکردن لە یارییەکانی تۆپی پێ و کریکێت زۆرن، بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەم خووە کەم دەبێتەوە یانیش قەدەخە دەکرێت کە رێگایەکی خێرایە بۆ بڵاوبوونەوەی هەر ڤایرۆسێک.
یاریزانانی کریکێت لە کاتی گرتنی داری رێکت تف دەکەن و دەستیان تەڕ دەکەن، یانیش گۆڵپارێزەکان لە یاریی تۆپی پێ تف بۆ تەڕکردنی دەستەوانەکانیان بەکار دەهێنن، بەڵام لە سەردەمی دوای کۆرۆنا ئەمە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.