راگەیندراوێك لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

وەزارەتی پێشمەرگە: هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریکردن لەخاك و خەڵکی کوردستان

K24- هەولێر:

دوای هێرشەكەی شەوی رابردووی چەكدارانی داعش لە سنووری شارۆچكەی كوڵەجۆ و شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی كوردستان و راوەدوونانی چەكدرانی ئەو رێكخراوە، وەزارەتی پێشمەرگە لە بەیاننامەیەكدا دڵنیایی دەداتە خەڵكی كوردستان، كە چۆن ئەو رێكخراوەیان لەرووی جوگرافییەوە تێكشكاند، بە هەمان شێوە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵ دەكەنەوە.

دەقی بەیاننامەی وەزارەتی پێشمەرگە:

شەوی رابردوو لە ئەنجامی پەلامارێکی ترسنۆکانەی تاریك پەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لە شارۆچكەی كوڵەجۆ لە سنووری گەرمیان، لەساتی راوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای 5ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی (ئیسماعیل فارس رەسول، سووركێو حەمە رەشید) شەهید بوون.

پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی شەوی رابردووی كوڵەجۆ دەکەین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمانیان بۆ دووپاتدەکەینەوە.

بە خەڵکی کوردستان رادەگەینین، وێڕای ناهەمواری بارودۆخی هەرێمەکەمان و خراپی دۆخەکە بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە، بەڵام وەك هەمیشە، هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریکردن لەخاك و خەڵکی کوردستان.

لەکاتێکدا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەسەر خۆرێکخستنەوەی شانە نووستووەکانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەم کارە چەپەڵ و ترسنۆکانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێك و بە بازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵدەکەینەوە، ئەمەش بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و سوپای عیراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بەداعش.

نەمری بۆ شەهیدان

سەربەرزی بۆ خانەوادەکانیان

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

٨ی ٤ی ٢٠٢٠

H.B