تەقەکەرەکەی واشنتن کێیە و بۆچی بەرپرسانی باڵای ئەمریکای کردبووە ئامانج؟
لە رووداوێکی توندوتیژدا کە واشنتنی هەژاند، دۆناڵد ترەمپ و خانمی یەکەم و چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریکا لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاریان بوو، دوای ئەوەی چەکدارێک لە کاتی ئاهەنگی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە هوتێل "واشنتن هیڵتن" تەقەی کرد. هێرشبەرەکە کە گەنجێکی خاوەن بڕوانامەی باڵا و "مامۆستای نموونەیی" بووە، توانیویەتی خاڵێکی پشکنینی سکرتێرڤیس ببڕێت و رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان ببێتەوە، پێش ئەوەی کۆنتڕۆڵ بکرێت.
کاتژمێر 8:30ـی شەوی شەممە بە کاتی واشنت بوو، ترەمپ و میلانیای هاوسەری لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و ئەندامانی کابینەکەی، لە نێو هۆڵی گەورەی هوتێل واشنتن هیڵتن دانیشتبوون و گوێیان لە نمایشێکی هونەری دەگرت. لە دەرەوەی هۆڵەکە، چەکدارێک بەناوی کۆڵ تۆماس ئالین تەمەن 31 ساڵ، بە چەکێکی جۆری (Shotgun)، دەمانچەیەک و چەندین چەقۆوە، بە خێراییەکی زۆر خاڵی پشکنینی تێپەڕاند.
ساتەوەختی ترس و شڵەژان
لە ناو هۆڵەکەدا، میوانەکان خەریکی خواردنی ژەمی سەرەتا بوون کە گوێیان لە دەنگی تەقە بوو. ترەمپ دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژانمەوانیدا ڕایگەیاند، سەرەتا وایزانیوە دەنگی کەوتنی سینییەکی پڕ لە قاپە، بەڵام کاتێک سکرتێرڤیس بە چەکی قورسەوە رژانە ناو هۆڵەکە و هاواریان دەکرد "خۆتان بشارنەوە"، دۆخەکە گۆڕا. سکرتێرڤیس دەستبەجێ ترەمپیان دەورە دا؛ لە کاتی گواستنەوەیدا، سەرۆک بۆ ساتێکی کورت کەوتە سەر زەوی پێش ئەوەی رەوانەی ژوورێکی ئارام بکرێت.
وۆڵف بلیتزەر، پێشکەشکاری ناوداری CNN، یەکێک بوو لەو کەسانەی لە مەترسییەکی گەورە رزگاری بوو. ئەو دەڵێت: "تەنیا چەند پێیەک لە چەکدارەکەوە دوور بووم کاتێک پۆلیسێک منی خستە سەر زەوی و خۆی بەسەرمدا دا. تەقەکان هێندە بەرز و ترسناک بوون هەموومان شۆک بووین." بلیتزەر لەو هەڵایەدا تەنانەت یەکێک لە پێڵاوەکانیشی ون کرد.
ناسنامەی تەقەکەرەکە
ئەوەی ئەم رووداوەی جیاواز کردووە، ناسنامەی تۆمەتبارەکەیە. کۆڵ ئالین نەک هەر تاوانبارێکی ئاسایی نەبووە، بەڵکوو خاوەنی مێژوویەکی زانستیی بێوێنەیە:
خوێندنی باڵا: دەرچووی پەیمانگای کالیفۆرنیا بۆ تەکنەلۆژیا (Caltech)ە لە ساڵی 2017 و خاوەنی ماستەرە لە زانستی کۆمپیوتەر (2025).
داهێنەر لە ناسا: لە ساڵی 2014 وەک لێکۆڵەر لە تاقیگەی جێتی ناسا (JPL) کاری کردووە و بەشداری لە توێژینەوەی فیزیای گەردوونیدا کردووە.
مامۆستای نموونەیی: ئالین وەک مامۆستا لە کۆمپانیای (C2 Education) کاری کردووە و لە کانوونی یەکەمی 2024 خەڵاتی "مامۆستای مانگ"ی وەرگرتووە.
گەشەپێدەری یاری: دوو یاری ئەلیکترۆنی بەناوەکانی "First Law" و "Bohrdom" پەرەپێداوە و لە سەکۆی (Steam) بڵاوی کردوونەتەوە.
پاڵنەر و رەهەندە سیاسییەکان
تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنی بە هێزە ئەمنییەکانی راگەیاندووە کە ئامانجی بووە "تەقە لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بکات". زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن کە ئالین لە تشرینی یەکەمی 2024 بڕی 25 دۆلاری بە مەبەستی پشتگیری بەخشیوە بە کەمپەینی هەڵبژاردنی کامالا هاریس. FBI دەستبەجێ هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەی لە تۆرانس لە کالیفۆرنیا بۆ دۆزینەوەی بەڵگەی زیاتر.
زیانەکان و رێکارە یاساییەکان
لە کاتی رووبەررووبوونەوەکەدا، یەکێک لە ئەندامانی سکرتێرڤیس فیشەک بەر سنگی کەوت، بەڵام بەهۆی پۆشینی ئێلەگی دژە فیشەک، تەنیا بریندار بوو و ژیانی پارێزراوە. تۆمەتبارەکە خۆی بریندار نەبووە، بەڵام بۆ پشکنینی دەروونی و جەستەیی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
جانین پیرۆ، داواکاری گشتی فیدراڵی لە واشنتن، رایگەیاند، ئالین رووبەڕووی دوو تۆمەتی سەرەکی دەبێتەوە: بەکارهێنانی چەکی ئاگرین لە تاوانێکی توندوتیژدا و هێرشکردنە سەر کارمەندێکی فیدراڵی بە چەکێکی مەترسیدار. پیرۆ جەختی کردەوە، تۆمەتبارەکە "دەیویست گەورەترین زیان و وێرانکاری بکات."
کاردانەوەی ترەمپ
ترەمپ دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، تەقەکەرەکەی بە "گورگی تەنیا" (Lone Wolf) و "کەسێکی زۆر نەخۆش" وەسف کرد. ئەو ستایشی ئازایەتی سکرتێرڤیسی کرد و گوتی: "ئەم رووداوە نەک هەر ئێمەی نەترساند، بەڵکو وای کرد تەنانەت نەیارە سیاسییەکان و رۆژنامەنووسەکانیش لەو هۆڵەدا یەک بگرن."
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاند ئەوەی شەوی ڕابردوو لە کاتی ئاهەنگی پەیامنێرانی کۆشکی سپی ڕوویدا، ڕێک ئەو هۆکارەیە کە وای کردووە سوپا، سکرتێرڤیس و دەزگا ئەمنییەکان، و هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا لە ماوەی 150 ساڵی ڕابردوودا داوای دروستکردنی هۆڵێکی گەورە و پارێزراو لە ناو حەوشەی کۆشکی سپیدا بکەن.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئێستا هۆڵێکی سەربازیی تەواو نهێنی لە ناو کۆشکی سپی لە ژێر بنیاتناندایە. ئەو گوتی: "ئەم هۆڵە هەموو جۆرە تایبەتمەندییەکی ئەمنیی ئاست بەرزی تێدایە؛ هیچ ژوورێک لە سەرووی هۆڵەکە نابێت تاوەکوو کەسانی بێگانە لێوەی دزە بکەن، و لە ناو حەوشەی پارێزراوترین باڵەخانەی جیهان، واتە کۆشکی سپیدایە."
ترەمپ لەبارەی ڕووداوەکەوە بە فۆکس نیووزی گوت : "تەقەکەرەکە کەسێکی نەخۆش بوو، تەنانەت خێزانەکەشی دەیانزانی کە ئەو بەدەست کێشەی دەروونییەوە دەناڵێنێت." ئەو ڕەخنەی لە شوێنی ئاهەنگەکە گرت و گوتی دابینکردنی ئاسایشی هوتێل "واشنتن هیڵتن" زۆر قورسە، هەر بۆیە پێداگری کرد لەسەر پڕۆژەی دروستکردنی هۆڵێکی گەورەی ئاهەنگگێڕان لە ناو خودی حەوشەی کۆشکی سپی بۆ ئەوەی سەرۆک و بەرپرسان لە ژینگەیەکی پارێزراودا بن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ترەمپ باسی لەو مەترسییانە کرد کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە و گوتی: "خێزانەکەم پێیان گوتم کە کارێکی زۆر مەترسیدارم هەیە. ڕاستییەکە ئەوەیە ئەگەر تۆ سەرۆکێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار بیت، ئەوا لە مەترسییەکی زۆر گەورەتردایت بەراورد بە سەرۆکەکانی تر کە بڕیاری کاریگەر نادەن."
ترەمپ لە کۆتایی لێدوانەکەیدا پشتیوانی خۆی بۆ یاسای چاودێریی هەواڵگریی دەرەکی (FISA) دەربڕی و جەختی کردەوە کە "سوپای ئەمریکا بە ڕاستی پێویستی بەم یاسایەیە" بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان.

هەوڵی تیرۆرکردنی رۆناڵد رەیگان (1981)
ئەم هێرشە لە هەمان ئەو هوتێلەدا روویدا کە لە 30ی ئازاری 1981دا، واشنتن هیڵتن بووە مەیدانی رووداوێکی دراماتیکی. کاتێک رۆناڵد ڕەیگان، سەرۆکی ئەو کاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای پێشکەشکردنی وتارێک بەرەو ئۆتۆمبێلەکەی دەڕۆیشت، "جۆن هینکلی" شەش فیشەکی تەقاند.
رەیگان بە سەختی بریندار بوو، هەروەها سکرتێری رۆژنامەوانی، ئەفسەرێکی پۆلیس و ئەندامێکی سکرتێرڤیسیش پێکانێکی قورسیان بەرکەوت.
وەرچەرخان لە ئاسایشدا, ئەم رووداوە سیستەمی ئەمنیی واشنتنی بۆ هەمیشە گۆڕی. پێش ئەو کاتە خەڵکی دەیانتوانی زۆر لە سەرۆک نزیک بنەوە، بەڵام دوای ئەوە "ناوچە دابڕاوەکان" (Buffer Zones) زۆر فراوانتر کران.
وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکە، هۆتێلەکە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی لە باڵەخانەکەیدا کرد و ڕێڕەوێکی تایبەتی بۆ سەرۆکەکان دروست کرد کە بە "تونێلی سەرۆکایەتی" دەناسرێت.
کاروانە سەربازییەکەی سەرۆک دەچێتە ناو گەراجێکی داخراوی تایبەت، سەرۆک لە ناوچەیەکی تەواو داخراو و گوللەنەبڕ لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت، لە رێگەی رێڕەوێکی تایبەتەوە راستەوخۆ دەچێتە پشت تەختی هۆڵی مەراسیمەکە و بەو هۆیەوە، چیتر خەڵک ناتوانن دیمەنی چوونە ژوورەوە یان هاتنە دەرەوەی سەرۆک لەم هۆتێلە ببینن.
هەوڵی تیرۆرکردنی رۆناڵد رەیگان (1981)

نەخشەی شوێنی رووداوەکە
بۆنەکە لە هۆڵی نێودەوڵەتی (International Ballroom) لە هۆتێل واشنتن هیڵتن بەڕێوەدەچوو، کە دەکەوێتە نهۆمی کۆنکۆرس و دوو نهۆم لە خوار دەرگای سەرەکی و لۆبی هۆتێلەکەوەیە. دۆناڵد ترامپ، مێلانیا ترامپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کابینەکەی ترامپ و سەدان رۆژنامەنووس و میوان ئامادەی ئاهەنگەکە بوون.
کەمێک دوای کاتژمێر 8:30ـی شەو، دەنگی تەقە لە دەرەوەی هۆڵەکە بیسترا؛ لە ماوەی چەند چرکەیەکدا، ترامپ بە پەلە لەسەر سەکۆکە (Stage) دوورخرایەوە و لە هۆڵەکە بردرایە دەرەوە. زۆرێک لە میوانەکان خۆیان بە زەویدا دا و بریکارە ئەمنییەکان ئەندامانی کابینەکەی ترامپیان لە شوێنی رووداوەکە گواستەوە. ترامپ لە دەوروبەری کاتژمێر 9:45 خولەک هۆتێلەکەی جێهێشت و چەند خولەکێک پێش کاتژمێر 10 گەیشتەوە کۆشکی سپی.
نهێنی نەکوژرانی تەقەکەرەکە چییە ؟
پرسیارێکی گەورە لە ناوەندە ئەمنییەکاندا دروست بووە: چۆن چەکدارێکی وەک کۆڵ تۆماس ئالین کە هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپی دا و تەنانەت تەقەی لە ئەندامێکی سکرتێرڤیس کرد، بە زیندوویی دەستگیرکرا و نەکوژرا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێتەوە بۆ تەکتیکێکی سەربازیی ئاڵۆز و بڕیارێکی مێژوویی دادگای باڵای ئەمریکا کە 40 ساڵ پێش ئێستا دراوە.
شەوی شەممە، کاتێک کۆڵ ئالین بە تفەنگ و دەمانچە و چەندین چەقۆوە هێرشی کردە سەر خاڵی پشکنینی هوتێل واشنتن هیڵتن، ململانێیەکی توند روویدا. سەرەڕای ئەوەی فیشەکێکی بەر سنگی یەکێک لە پاسەوانەکان کەوت ، بەڵام سکرتێرڤیس بژاردەی "بەکارهێنانی هێزی کوشندە"یان هەڵنەبژارد.
1. تەکتیکی "مەودای سفر" و مەترسیی فیشەکی هەڵبەزاو
بەپێی شیکارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز و سەرچاوە ئەمنییەکان بۆ رۆژنامەی گاردیان، هۆکاری یەکەم لۆجیستی بووە. تەقەکردن لە ناو رێڕەوێکی تەسکدا کە سەدان رۆژنامەنووس و میوانی تێدا بووە، مەترسیی "فیشەکی هەڵبەزاو" (Ricochet)ی دروست دەکرد کە دەبووە هۆی کوژرانی کەسانی بێتاوان. بۆیە سکرتێرڤیس تەکتیکی "مەودای سفر"یان بەکارهێنا؛ لە جیاتی پاشەکشە و تەقەکردن، راستەوخۆ هێرشیان کردە سەر جەستەی هێرشبەرەکە بۆ ئەوەی رێگری لێ بکەن فیشەک لە تفەنگەکەی دابنێتەوە یان چەقۆکانی بەکاربهێنێت.
2. وانەیەک لە مێژووەوە: دۆسیەی گراهام دژی کۆنۆر (1984)
ئەوەی وای کرد ئەفسەرەکان لە ساتەوەختی کۆنتڕۆڵکردنی ئالیندا فیشەکی کۆتایی لێ نەدەن، دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی گەنجێکی ئەمریکی بەناوی دیسۆرن گراهام. لە ساڵی 1984، گراهام کە نەخۆشی شەکرەی هەبوو، لە کاتی کڕینی شەربەتێکدا بەهۆی شڵەژانی باری تەندروستییەوە، لە لایەن پۆلیسەوە بە توندی لێی درا و قاچی شکا.
ئەو دۆسیەیە گەیشتە دادگای باڵا و لە ساڵی 1989دا بڕیارێکی مێژوویی لێ کەوتەوە بەناوی پێوەری گونجاویی بابەتی (Objective Reasonableness). ئەم یاسایە دەڵێت: "بەکارهێنانی هێزی کوشندە تەنیا کاتێک رەوایە کە مەترسییەکی دەستبەجێ و راستەوخۆ لەسەر ژیانی ئەفسەرەکە یان دەوروبەری هەبێت، و دەبێت هێزەکە بەپێی بارودۆخی ئەو ساتە بێت."
3. جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر ئالین:
کاتێک ئەفسەرەکانی سکرتێرڤیس توانییان "کۆڵ ئالین" بخەنە سەر زەوی و دەستبەسەری بکەن، بەپێی یاسای "گراهام"، ناوبراو چیتر مەترسییەکی "دەستبەجێ" نەبوو. لەو ساتەدا، هەر تەقەیەک لە هێرشبەرەکە بکرایە، بەپێی یاسای ئەمریکا بە تاوان و بەکارهێنانی هێزی زیادە هەژمار دەکرا.
بە کورتی، ئەوەی ژیانی کۆڵ ئالینی پاراست، ئەو راهێنانە توندەی سکرتێرڤیس بوو لەسەر پاراستنی ژیانی مەدەنییەکان و پابەندبوونیان بەو پێوەرە یاساییانەی کە مێژووەکەیان بۆ 40 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەرچەندە ئەو هەوڵی کوشتنی سەرۆکی دا، بەڵام سیستەمی یاسایی ئەمریکا وای کرد تەنیا لە رێگەی دادگاوە سزا بدرێت، نەک لە مەیدانی رووداوەکەدا بکوژرێت.

ئاهەنگی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی (WHCD)
هەموو ساڵێک لە کۆتایی نیساندا، ئەم هۆتێلە دەبێتە چەق و جێگەی سەرنجی هەموو جیهان. ئاهەنگی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، کە زۆرجار بە "ئاهەنگی دەرچوونی بلیمەتەکان" (Nerd Prom) ناودەبرێت، لەم شوێنەدا بەڕێوەدەچێت.
کێ بەشدار دەبێت؟
سەرۆکی وڵات، جێگری سەرۆک، باڵاترین بەرپرسانی حکومی، ئەستێرەکانی هۆڵیوود و ناودارترین رۆژنامەنووسان.
هۆڵی نێودەوڵەتی: مەراسیمەکە لە هۆڵێکی زەبەلاحی ژێرزەمینیدا بەڕێوەدەچێت کە هیچ ستوونێکی تێدا نییە. ئەم تایبەتمەندییە وا دەکات بۆ دەزگای سکرتێرڤیس زۆر ئاسان بێت کە بە وردی پشکنین و چاودێریی هەموو سووچێکی هۆڵەکە بکەن.