عێراقچی گەڕایەوە پاکستان

وەزیری دەرەوەی ئێران بە مەبەستی درێژەدان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ گەڕایەوە پاکستان، لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا پێداگری لەسەر "سەرکەوتن" دەکات و سەردانی نێردەکانی بۆ ئیسلام ئاباد هەڵوەشاندەوە. ئەم پێشهاتانە لە سایەی بەردەوامیی گرژییە دەریاییەکانی کەنداو و پێشێلکارییەکانی ئاگربەستدایە لە باشووری لوبنان.

رۆژی یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەڕایەوە پاکستان، کە ئەو وڵاتە سەرکردایەتیی نێوەندگیریی نێوان تاران و واشنتن دەکات، ئەمەش وەک سەردانێکی نوێ لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سووربوونی خۆی بۆ بەدەستهێنانی "سەرکەوتن" تێیدا دووپات کردووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) پشتڕاستی کردەوە، کە پاشنیوەڕۆی یەکشەممە عێراقچی لە عوممانەوە گەیشتووەتە ئیسلام ئاباد، لەوێ لەگەڵ سوڵتان هەیسەم بن تاریق کۆبووەتەوە، هەروەها دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی بڕیارە سەردانی رووسیا بکات.

ئاژانسی هەواڵی عوممانیش بڵاوی کردەوە، کە هەردوو لا تاوتوێی "پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەوڵەکانی نێوەندگیری و کۆششەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە ململانێکان"یان کردووە.

لە پاکستان، وەزیرەکەی ئێران لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و ئیسحاق دار، هاوتا پاکستانییەکەی و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپا کۆبووەتەوە.

عێراقچی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بۆ جاری دووەم گەیشتە ئیسلام ئاباد، ئەم سەردانەش رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ترەمپ گەشتی هەردوو نێردراوەکەی (ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر)ی بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندەوە. ئەم هەنگاوەی واشنتن بەهۆی ئەوەوە بوو کە هیچ پێشکەوتنێک بەدەست نەهاتووە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی پاش هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران لە 28ـی شوباتدا هەڵگیرسا.

پێشتر لە 11ـی ئەم مانگەدا، ئیسلام ئاباد میوانداریی یەکەمین گەری دانوستانە راستەوخۆکانی کرد لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان لایەنە شەڕکەرەکان، بەڵام نەتوانرا بگەنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، کە لێکەوتەکانی باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا کێشاوە.

هەروەها عێراقچی دوێنێ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاندبوو: کە تاران چاوەڕێیە بزانێت "ئایا بەڕاستی ئەمریکا لەسەر بژاردەی دیپلۆماسی جیدییە یان نا ".

لە واشنتنیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە رووداوی تەقەکردن لە کاتی خوانێکی ئێوارەی کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، ساردی ناکاتەوە لە جەنگی دژی ئێران.

ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی گوت: "ئەو تەقەکردنە نامترسێنێت لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە جەنگی ئێراندا. نازانم ئەگەر بابەتەکە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت یان نا، بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی هەمانە پێم وانییە".

هەروەها سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەشتی نێردەکانی بۆ پاکستان، ترەمپ گوتی: "هەموو کارتەکانمان بەدەستەوەیە. ئێرانییەکان دەتوانن کەی ویستیان پەیوەندیمان پێوە بکەن، بەڵام چیدیکە گەشتی 18 کاتژمێری ناکەین تەنیا بۆ ئەوەی دانیشین و باس لە هیچ بکەین".

 ترەمپ پێی وابوو کە واشنتن "کاتێکی زۆری لە گەشتکردن و کارکردندا بەفیڕۆ داوە". لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ روونی کردەوە، کە گەشتنەکردنی نێردەکانی بە واتای دەستپێکردنەوەی جەنگ نایەت