باخچەیەکی ئاژەڵان لە ئەڵمانیا ئاژەڵەکانی دەکاتە خۆراکی یەکتر
هەندێک لە ئاژەڵەکان وەک خواردن دەدرێن بە ئاژەڵەکانی دیەک
K24 – ههولێر:
باخچەیەکی ئاژەڵان لە ئەڵمانیا، لیستی کوشتنی چەند ئاژەڵێکی باخچەکەی ئامادەکردووە، تاوەکو وەکو خۆراک بیانداتە بەشێک لە ئاژەڵەکانی دیکەی باخچەکە کە بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی کەمی پارە و خۆراک بوونەتەوە.
ڤێرێنا کاسپاری، بەڕێوەبەری باخچەکە بە ناوی نیومونستێر کە دەکەوێتە باکوری هامبۆرگ بە سایتی ئیندیپێندتی گوتووە: "لیستی ئەو ئاژەڵانەمان ئامادەکردووە کە دەبێت وەک خۆراک بدرێنە ئاژەڵەکانی دیکە".
دەشڵێت، بڕیارەکە دڵخۆشیان ناکات بەڵام بەهۆی لەدەستدانی 150 هەزار یۆرۆ لەم بەهارەدا، پێیان باشترە ئاژەڵەکان بکوژن، لەوەی بیانبینن لە برسا دەمرن.
لەگەڵ ئەوەش، باخچەکە داوای کردووە، بە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ هاوکاری بکرێت تاکو ژیانی ئاژەڵانی باخچەکە بپارێزن.
باخچەکە خاوەنی 135 جۆری ئاژەڵە بە ورچی جەمسەریی، سەگی ئاوی، پاندا و مەیمونی ماکاکوێسـەو.