دەستەی مافەکانی مرۆڤ پێشنیازی دەرکردنی لێبوردنی تایبەت بۆ زیندانیان دەکات
چوار پێشنیاز بۆ چارەنووسی زینداکراوانی هەرێم ئاشکرا دەکرێت
K24 – ههولێر:
دەستەی مافی مرۆڤ لیژنەیەک بۆ ئازادکردنی راگیراون و حوکمدراوانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت کە چوار پێشنیار بۆ ئازادکردنی بەشێک لە زیندانیان دەکەن.
زیا پترۆس، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە سەرەتا داوامانکرد، راگیراون بە کەفالەت ئازاد بکرێن، ئەمەش لە رابردوو پهیڕهوكراوه.
راشیگەیاند، ئەوان وەک دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، چوار پێشنیاریان بۆ ئازادکردنی زیندانیان کردووە، كه بریتین لهمانه:
یەکەم: هەموارکردنەوەی سیستمی چاکسازیی، لەناو چاکسازییەکانی هەرێم.
دووەم: هەزار و 600 بەندکراو کە خەڵکی کوردستان نین، بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، رادەستبکرێنەوە بە مەرجی ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان نەبێت.
سێیەم: جێبەجێکردنی لێبوردنی تایبەت کە لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی كوردستانه.
چوارەم: ئاسانکاریی زیاتر بکرێت بۆ سیستمی ئازادکردنی بە مەرج، بەجۆرێک رێژەی بەندکراوان کەم بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو پێشنیارانەی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی كوردستان، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی کار، وهزارهتی ناوخۆ، پەرلەمان، ئەنجوومەنی دادوەری و داواکاری گشتی و لیژنەی پەیوەندیدار كراوه بۆ ئهوهی ههڵسهنگاندنی لهسهر بكهن.